لە لیبیا هێزەکانی سەر بە خەلیفە حەفتەر لە پاشەکشەدان
رووداو - هەولێر
نیویۆرک تایمز راپۆرتێکی شیکاریی لەبارەی دۆخی لیبیا بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی ئەو هێزانەی کە تورکیا لە لیبیا پاڵپشتییان دەکات، نیگەرانییەکی گەورەی بۆ خەلیفە حەفتەر دروستکردووە، چونکە تورکیا لەناو هێزە بیانییەکانی شەڕی ئەو وڵاتەدا یەکێکە لە هێزە یەکلاکەرەوەکان.
رۆژی دووشەممە 18ی ئایاری 2020 ئەو چەکدارانەی کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات بەشێکی گەورەی بنکەی ئاسمانیی رۆژئاوای تەرابلووسی پایتەختی لیبیایان کۆنترۆڵکرد، ئەوەش بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ تێکشکاندنی ئەو سیستەمی بەرگرییە ئاسمانییە رووسیانەی کە بەمدواییانە گەیشتبوونە لیبیا، بەو هۆیەشەوە هێزەکانی حەفتەر لە شارێکی سەرەکیی باشووری تەرابلووس دەرپەڕێندران.
بەپێی راپۆرتە شیکارییەکەی رۆژنامە ئەمریکییەکە، بەو سەرکەوتنە، حکومەتی دانپێدانراوی لیبیا دەستکەوت و بەختێکی باشی هێنا، کە وەکو حکومەتێکی لاواز و گەمارۆدراوی حەفتەر دەردەکەوت، تاوەکو ئەوکاتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هێز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رەوانەکرد بۆ پاڵپشتیکردنی. ئەو دەستوەردانەی تورکیاش لەدوای کۆتاییهاتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەهێزترین دەستوەردانی بوو لەو وڵاتە ئەفریقییەدا.
وەک ئاماژەیەک بۆ زاڵبوونی تورکیا لە لیبیا، ئەنجوومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە لەژێر ناونیشانی "ئێستا لیبیا هی تورکیایە".
ساڵێک بەر لە ئێستا خەلیفە حەفتەر هێرشێکی دەستپێکرد بۆ کۆنترۆڵکردنی تەرابلووس، وا دەردەکەوت کە لە پێکدادانەکاندا دەستی ئەو باڵاترە؛ حەفتەر رووسیای وەکو سپۆنسەرێکی سەرەکیی بیانیی خۆی دیاریکردبوو بۆئەوەی رۆڵێکی سەرەکی لە داهاتووی لیبیا بگێڕێت.
رۆژی چوارشەممە 20ی ئایاری 2020 هێزەکانی سەر بە حکومەتی دانپێدانراوی لیبیا نمایشێکیان ئەنجامدا و تێیدا ئەو سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەیان نیشاندا کە دەستیان بەسەرداگرتبوو، کە لەلایەن رووسیاوە بوونیادنراوە و ئیمارات پاڵپشتیی دارایی کردووە بۆ دروستکردنی، ئەمەش وەکو گاڵتەپێکردنێک بوو بە دوو لە بەهێزترین پاڵپشتیکارە بیانییەکانی حەفتەر.
رۆژی پێنجشەممە 21ی ئایار هێزەکانی حەفتەر لە شارۆچکەی ئاسابا دەرپەڕێندران، کە شارۆچکەیەکی بچووکە، بەڵام ستراتیژییە و دەکەوێتە دووریی 60 میل لە پایتەختی لیبیا.
ستیفانی ویلیەمس، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لیبیا هۆشداری دەداتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەمدواییەی لیبیا بە پاڵپشتیی چەکی هێزە بیانییەکان، فڕۆکە و چەتەکان مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت کە شەڕ لەو وڵاتە بباتە قۆناخی "جەنگی بەوەکالەت".
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە دەستکەوتە دراماتیکییەکانی ئەم هەفتەیەی تورکیا وادەردەکەوێت کە گۆڕانێک لە ئاراستەی جەنگەکە بێنێتە ئاراوە، بەڵام بەتەواوی یەکلاکەرەوە نین.
هێزەکانی خەلیفە حەفتەر هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە "گەورەترین کەمپەینی بەرفراوانی ئاسمانی لە مێژووی لیبیا" وەکو بەرپەرچدانەوەیەک دژی ئامانجەکانی تورکیا لە تەرابلووس ئەنجامدەدەن.
سەقەر جەروشی، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سەر بە هێزەکانی خەلیفە حەفتەر لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەڵێ "سەرجەم پێگە و بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە هەموو شارەکان ئامانجی یاسایین بۆ فڕۆکە جەنگییەکانمان".
فەتحی بەشاغە، وەزیری ناوخۆی حکومەتی دانپێدانراوی لیبیا رایگەیاندووە، هەشت فڕۆکەی جەنگیی سەردەمی سۆڤیەت و دوو فڕۆکەی جەنگیی نوێی رووسیا لە بنکەیەکی سووریاوە گەیشتوونەتە لیبیا؛ بەرپرسێکی ئەوروپیش دەڵێ، دیارنییە فڕۆکەکان هی سووریان یاخود رووسیا.
سوپای رووسیا لەڕێگەی گرووپێک بەناوی وانگەر، یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی جەنگ لە لیبیا، کە پاڵپشتی لە هێزەکانی خەلیفە حەفتەر دەکەن، بەرپرسێکی ئەوروپیش باس لەوە دەکات کە ناردنی فڕۆکە جەنگییەکان لە سووریاوە بۆ لیبیا لەوانەیە ئاماژەیەک بێت لە کرملنەوە بۆ تورکیا بۆئەوەی هێرشەکانی خاوبکاتەوە و دەست بە گفتوگۆی چارەسەری بکرێت.
هەرچەندە رووسیا هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەو راپۆرتانەوە نەداوە، بەڵام دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئەو دوو وڵاتە داوا ئاگربەستی دەستبەجێیان لە لیبیا کرد، پێشتریش داوای لەو شێوەیە لەلایەن رووسیا و تورکیاوە کراوە، بەڵام حەفتەر پشتگوێی خستووە.
ئەو هێزانەی تورکیا پاڵپشتییان دەکات و سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، توانایان بەسەر ئاسمانی ئەو ناوچانەدا زاڵبووە کە کۆنترۆڵیان کردووە. هێزەکانی حەفتەریش تەنیا یەک پێگەیان لە رۆژئاوای لیبیا بەدەستەوە ماوە کە شاری ترهونەیە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.
سەرکەوتنەکانی تورکیا زەنگێکی ئاگادارکردنەوەن بۆ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر کە رکابەرێکی سەرسەختی ئەردۆغانە، چونکە تورکیا دەتوانێت هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی لە لیبیا جێگیربکات.