ئەو جەنەراڵە ئەمریکییە کێیە سەرپەرشتیی هێرشەکەی سەر ئێرانی کرد؟
رووداو دیجیتاڵ
ژەنەراڵ جۆن دی. کەین بیست و دووەمین سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکایە، کە باڵاترین پلەی سەربازییە لە وڵاتەکەدا. هەروەها راوێژکاری سەرەکیی سەربازیی سەرۆک، وەزیری بەرگری و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییە. ئەو سەرپەرشتیی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییکانی ئێران کرد و ترەمپ سوپاسی کرد.
پێش ئەوەی لە 11ی نیسانی 2025 ئەم پۆستە وەربگرێت، جەنەراڵ کەین بەڕێوەبەری یاریدەدەر بووە بۆ کاروباری سەربازی لە دەزگای هەواڵگریی ناوەندی (CIA).
ژەنەراڵ کەین لە چەندین پۆستی جیاوازی ئۆپەراسیۆنی، ئەرکانی و هاوبەشدا خزمەتی کردووە، بە شێوەیەکی سەرەکی وەک فڕۆکەوانێکی جەنگیی F-16، ئەفسەری چەک، ئەندامی ستافی کۆشکی سپی، و ئەفسەری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان.
لە ساڵی 1990 لەڕێگەی پرۆگرامی ROTC لە پەیمانگای سەربازیی ڤێرجینیا (Virginia Military Institute) پلەی ئەفسەری پێدراوە. خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری شەڕی ئاسمانی (Air Warfare) لە زانکۆی سەربازیی ئەمریکی. هەروەها چەندین خولی تایبەت بە ئاسایشی نیشتمانی و سەرکردایەتی لە دامەزراوەی باڵاکانی وەک قوتابخانەی کێنەدی لە زانکۆی هارڤارد و قوتابخانەی ماکسوێڵ لە زانکۆی سیراکیوز تەواو کردووە.
وەک فڕۆکەوانێکی فەرماندە، زیاتر لە 2800 کاژێر فڕینی لە فڕۆکەی F-16دا تۆمار کردووە، کە زیاتر لە 150 کاژێری لە ئۆپەراسیۆنی شەڕکردندا بووە. لە نێوان ساڵانی 2009-2016، ئەندامی نیمچە-کاتیی پاسەوانی نیشتمانی و لە هەمان کاتدا کارساز و وەبەرهێنەر بووە.
ژەنەراڵ کەین، پێش ئەوەی لە خانەنشینی بگەڕێتەوە بۆئەم ئەرکەی لە پۆدکاستێکدا باسی خۆی کردووە دەڵێت؛ وەک کوڕی فڕۆکەوانێکی جەنگی گەورە بووم. ئەمە کاری خێزانی ئێمە بووباوکیشم فرۆکەوان بووە کاروانی سەربازیی خۆی بە لێخوڕینی فڕۆکەی ئێف-4 فانتۆم دەست پێکردووە و لە کۆتاییدا فڕۆکەی ئێف-١٦ی ئاژوشتووە.
یەکەم جار کە ترەمپ ژەنەراڵ کەینی بینیوە لە ساڵی 2018 بووە لە عێراق، ترەمپ دەڵێت، "ژەنەراڵ کەین پێی گوتم، 'قوربان، لە پێناوتدا دەمرم. ئینجا کڵاوێکی 'ئەمریکا دووبارە مەزن بکەرەوە'ـی لەسەر کرد."
دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2019 جارێکی دیکە وەسفی ژەنەراڵ کەینی کردوو و گوتی پرسیارم لێکرد بۆچی دوو ساڵ پێوستە بۆ تێکشاکاندنی داعش، ژەنەراڵ کەین گوتی: دەکرێت تەنها هەفتەیەک بخایەنێت، ئەگەر بە شێوازی خۆی بیکات.
ترەمپ دەڵێت کەین پێیگوتم، ئێمە تەنیا لە بنکەیەکی کاتی لە سووریاوە لێیان دەدەین، بەڵام ئەگەر مۆڵەتمان پێ بدەیت، قوربان دەتوانین لە هەموو لایەکەوە لێێان بدەین.