بنیامین نەتەنیاهوو: دوای بۆردوومانەکەی ئەمریکا، لە ئامانجەکانمان نزیکتر بووینەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو دەڵێت، ئیسرائیل "لە ئامانجەکانی لە ئێران نزیکتر بووەتەوە"، دوای ئەوەی ئەمریکا ژمارەیەک لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردوومان کردن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "دەستکەوتێکی گەورەمان بەدەستهێناوە. سوپاس بۆ سەرۆک ترەمپ، لە ئامانجەکانمان نزیکتر بووینەتەوە".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: "کاتێک ئامانجەکان بەدەست هێندران، ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی دێت."
بەرەبەیانیی 13-6-2025 جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە هێرشی ئیسرائیل دەستی پێکرد. بەرەبەیانیی ئەمڕۆش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران.
دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا زنجیرەی رووداوەکانی هێرشەکەی بەم شێوەیە روونکردەوە:
کاژێر 12:30ـی بەیانیی رۆژی شەممە بە کاتی تاران، ژێردەریاییەکی ئەمریکی لە ناوچەکە، زیاتر لە 24 مووشەکی کرووزی جۆری تۆماهۆکی ئاراستەی بنکەی ئەتۆمیی ئیسفەهان کرد.
لە کاتی چوونە ژوورەوەی بۆمبهاوێژەکانی جۆری بی توو بۆ ئاسمانی ئێران، فڕۆکەی جەنگیی نەوەی چوارەم و پێنجەمی ئەمریکی وەک پێشڕەو، ئاسمانیان بۆ گرووپە هێرشبەرەکە کردەوە بۆ پاراستنیان لە هەر هەڕەشەیەکی مووشەکیی ئێران. کەین گوتی، "ئێمە ئاگادار نین هیچ تەقەیەک لە گرووپە فڕۆکە بی تووەکانمان کرابێت."
کاژێر 02:10ـی بەرەبەیان بە کاتی تاران، یەکەم فڕۆکەی B-2 دوو بۆمبی گەورەی حەشارشکێنی GBU-57ـی بەسەر دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆدا خستەخوارەوە.
لەنێوان کاژێر 02:10 بۆ 02:35ـی بەرەبەیان بە کاتی تاران، بۆمبهاوێژەکانی دیکە لە جۆری بی توو ئامانجەکانیان لە نەتەنز و فۆردۆ پێکا و کۆی گشتی 14 بۆمبی حەشارشکێن بەسەر ئەو دوو دامەزراوە ئەتۆمییەدا بارێنران.
بە گوتەی سوپاسالاری هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا، لە کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەدا جارێکی دیکە بە مووشەکی تۆماهۆک هێرشکراوەتەوە سەر ئیسفەهان "بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی جووڵەکانمان تاوەکو کۆتایی چاوەڕواننەکراو دەبن."