حیزبوڵڵای لوبنان: لە 24 کاژێردا 63 هێرشمان کردوونەتە سەر ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا 63 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان دژی پێگە و بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل ئەنجامداوە. هاوکات سوپای ئیسرائیلیش برینداربوونی 7 سەربازی خۆی پشتڕاستکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی "راگەیاندنی جەنگی"ی سەر بە حیزبوڵڵا، ئەو ئۆپەراسیۆنانە چەندین جۆر هێرشی وەک مووشەکباران، بەکارهێنانی درۆنی هێرشبەر و تۆپبارانی گرتووەتەوە: "ئامانجی سەرەکیی هێرشەکان بریتی بوون لە کۆبوونەوەکانی سەربازانی ئیسرائیل، ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان و بنکە و ناوەندە ستراتیژییەکانی سوپای ئەو وڵاتە".
لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی 24 کاژێری رابردوودا لە بەرەی باکوور و لەسەر سنوورەکانی نێوان لوبنان و فەلەستین، 7 سەربازیان بریندار بوون.
ماوەیەکە گرژییەکانی سەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل چووەتە قۆناخێکی نوێوە و رۆژانە هەردوولا بە چەکی جۆراوجۆر هێرش دەکەنە سەر پێگەکانی یەکتر.