سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیمارات دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سبەی هەینی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیماراتی عەرەبی دەکات.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "سەردانەکە لە ئاستێکی باڵادایە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات کۆدەبێتەوە".
دڵشاد شەهاب باس لەوەش دەکات، "پەیوەندییەکی تووندوتۆڵ لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیماراتدا هەیە.. سەردانەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانە".
پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە ئاستێکی بەرزدایە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان چالاکانە سەردانی فەرمی بۆ ئەو وڵاتە دەکات.
لە کۆتا مانگی 2023، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە یادی رۆژی نیشتمانی ئیمارات لە دوبەی کرد و رایگەیاند، لە دڵەوە پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی، حکومەت و گەلی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەکەن.
ئیماراتی لە ئاستێکی بەرزدا وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکات. تیشکی خستووەتە سەر چەند کەرتێکی سەرەکی وەکو وزە، کشتوکاڵ و ژێرخانی ئابووری.
کۆمپانیاکانی ئیمارات وەک دانە گاز و هیلال پترۆلیۆم وەبەرهێنانێکی بەرچاویان لە کەرتی وزەی کوردستاندا کردووە، بە تایبەتی لە فراوانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمهێنانی گازە لە کوردستان.