رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
سێ ژنی فەلەستینی لە پەنجەرەوە سەیری شوێنی بۆردوومانکراوی رۆژی شەممە دەکەن. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
حەماس رایگەیاند، شاندێکی باڵای بزووتنەوەکە رۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی میسر، گفتوگۆیان لەبارەی قۆناخی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە کردووە.
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی خەلیل حەییە، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری حەماس، رۆژی شەممە گەیشتە پایتەختی میسر بۆ ئەوەی لەگەڵ حەسەن رەشید، سەرۆکی هەواڵگریی میسر گفتوگۆ بکەن.
حەماس پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە دووپاتکردەوە و جەختی لەسەر گرنگیی "کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل" کردەوە.
حەماس گوتیشی، "سرووشتی قۆناخی دووەمی رێککەوتنەکە"ش لە قاهیرە گفتوگۆی لەسەر کرا، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بدات.
قۆناخی دووەمی پلانی ئاگربەستی غەززە چەککردنی حەماس، دامەزراندنی دەسەڵاتێکی راگوزەر و جێگیرکردنی هێزێکی سەقامگیرکردنی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت. حەماس، کە بەپێی پلانی ترەمپ لە هەر رۆڵێک لە حوکمڕانیی داهاتووی ناوچەکەدا دوورخراوەتەوە، رەتیدەکاتەوە چەک دابنێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا، ئیسرائیل و حەماس یەکتریان بە پێشێلکردنی ئاگربەستە نێوەندگیرییەکەی ئەمریکا تۆمەتبار کردووە.
بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، رۆژی شەممە لە چەندین هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلدا 21 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، "تیرۆریستێکی چەکدار" هێڵی زەردی لەنێو کەرتی غەززەدا بەزاندووە و تەقەی لە سەربازانی ئیسرائیل کردووە. لە وەڵامدا، سوپای ئیسرائیل "دەستی بە هێرشکردنە سەر ئامانجە تیرۆریستییەکان لە کەرتی غەززە کردووە".
حەماس رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لە میسر باسی چارەنووسی ئەو چەکدارانەی کردووە کە لە ناوچەی رەفەحی باشووری غەززە پەیوەندییان لەگەڵیاندا پچڕاوە.
بەپێی سەرچاوە نافەرمییەکان، پێدەچێت نزیکەی 200 چەکداری حەماس لە تونێلەکانی ژێر ئەو بەشەی غەززەدا گیریان خواردبێت کە سوپای ئیسرائیل بەپێی قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە تێیدا جێگیر بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ