مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق: هێرشمان کردە سەر باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، دەڵێن بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر باڵەخانەی ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ، بەڵام ئیسرائیل هیچ روونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە نەداوە.
رۆژی یەکشەممە، مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە کەناڵی خۆی لە تەلەگرام بڵاوی کردەوە، "بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 24-03-2024 موجاهیدانی مقاوەمە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیان کردە ئامانج."
گرووپەکە لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "ئەو کردەوە جۆرییە دووپاتکردنەوەیە لە بەردەوامبوونمان لەسەر بە ئامانجکردنی پێگەکانی دوژمن."
ئیسرائیل، کە خاوەنی سیستەمێکی بەهێزی بەرگریی ئاسمانییە بەناوی (ئایرۆن دۆم) تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی راگەیێندراوەکەی (مقاوەمە) بڵاونەکردووەتەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکانی مقاوەمە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەوە 12ـەمین هێرشی گرووپەکەیە بۆ سەر ئیسرائیل. لەوانە هێرشێک بۆ سەر پاڵاوگەی حەیفا، هێرشێک بۆ سەر باکووری جۆلان، هێرشێک بۆ سەر فڕۆکەخانەی رۆشبینا، هێرشێک بۆ سەر فڕۆکەخانەی کریات شمونە، هێرشێک بۆ سەر فڕۆکەخانەی حەیفا، هێرشێک بۆ سەر بەندەری حەیفا و دوو هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی بن گۆڕیۆن.
رۆژی 6ـی ئەم مانگە گرووپەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن بۆ دوو ئامانج، "دەرکردنی هێزەکانی داگیرکەر لە عێراق" و "راگەیاندنی ئاگربەستی شەڕ لە غەززە."
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە عێراق و سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا کرد. بەڵام دوای ئەوەی ئەمریکا چەند جارێک بەتووندی وەڵامی دانەوە، لەوانەش کوشتنی ئەبو باقر ساعیدی، فەرماندەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، لە نێو جەرگەی بەغدا، گرووپەکە هیچ هێرشێکی دیکەی نەکردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.