یەکەم هاوینەوار لەنێو دەریا لە دوبەی بە گوژمەی 164 ملیۆن دۆلار دروست دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دوبەی پێشکەوتنێکی دیکە لە کاری تەلارسازی و بیناسازی تۆماردەکات، بەڵام ئەمجارە پێویست بەوە ناکات خاک و خۆڵی بیابانەکانی بۆ بهێنێت. پرۆژەکە 12 ڤێلا لەخۆدەگرێت کە نرخی هەریەکەیان 5 ملیۆن و 445 هەزار دۆلارە.
بەمزووانە 12 ڤێلایە لەگەڵ هۆتێلێک لە پرۆژەیەکی نوێی گەشتیاری دەخرێنە نێو دەریاوە. کۆلین گاری، بەڕێوەبەری بەندەری جەزیرە لە رەئس خەیمە دەڵێت، "هاتووین بۆ کردنەوەی چەند ڤێلایەک لە بەندەری جزەیرە. لێرەوە لەسەر ئەم زەوییە وشکە جووڵەیان پێدەکرێت کە هەر لێرەوە دروستکراون. لانیکەم یەک کاژێری دەوێت بۆ ئەوەی بە درێژایی 100 مەتر بەڕێبکرێت. لە رێگەی رێڕەوی خۆی دەخرێتە نێو ئاو، بۆ ماوەی یەک بۆ تووندوتۆڵکردن لێرە دەمێنێتەوە، دواییش بۆ دوا مەنزڵی خۆی بەرەو دووبەی دەکەوێتەڕێ."
هاوینەواری کۆشکی دەریایی سەرئاوکەوتوو بە گوژمەی 164 ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیای Seagate Shipyard و Bahrawy Groupset لە دوبەی دروست دەکرێت.
نرخی هەر یەکێک لەو دوانزە ڤێلایە بە 5 ملیۆن و 445 هەزار دۆلار دەفرۆشرێن. هۆتێلە 5 ئەستێرەییەکە و ڤێلاکان بە وزەی پاک بوونیادنراون، هیچ گازێکی زیانبەخش بە ژینگەدا بڵاوناکەنەوە.
محەممەد بەحراوی، بەڕێوەبەری گشتیی Seagate Shipyard دەڵێت، "ئەو کەرەستانەی بۆ دروستکردنی ئەو پرۆژەیە بەکارمانهێناون ئاسنە و هەروەک ئێمە کۆمپانیایەکی دروستکردنی کەشتین. داهێنانمان لە بیرۆکەکانمان کردووە لە دروستکردنی ئەو تەنانەتەی سەرئاو دەکەن بۆ ئەوەی دیزاینێکی تەواو بدەین بە کەشتییەکان کە پێشتر نەکراون. کارەبای هۆتێلەکە بە وزەی خۆر کاردەکات، وێستگەیەکی بەتاڵکردنەوەی پاشەڕۆی مرۆڤ، وێستگەیەکی زبڵ و خاشاک و هەروەها وزەیەکی تەواو ژینگە دۆست لەخۆدەگرێت."
هەر ڤێلایەک لەسەر رووبەری 900 مەتر چوارگۆشە دروستکراوە، بالکۆن و مەلەوانگەی تێدایە، لە ناوەوەش لە چوار ژووری خەوتن، چێشتخانە و ژوورێکی میوان پێکدێت.
ئەو کۆمپانیایەی بەشدارە لەو پرۆژەیە، دەستی لە دروستکردنی هەریەک لە بورجی خەلیفە، بورجی عەرەب، چەند تاوەرێکی دیکەی هەوربڕی دووبەیدا هەبووە.