سێنتکۆم: رێگریمان لە 100 کەشتیی بازرگانیی ئێران کردووە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران چووەتە قۆناخێکی نوێوە و تاوەکو ئێستا رێگری لە 100 کەشتیی بازرگانی کراوە. واشنتن دەیەوێت لە رێگەی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەریاییەوە، تەواوی دەرگاکانی بازرگانی بەسەر تاراندا دابخات.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیێندراوێکدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) بڵاویکردەوە، رایگەیاندووە، لە 13ـی نیسانەوە کە گەمارۆکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، زیاتر لە 15 هەزار سەرباز لە هێزە جیاوازەکانی ئەمریکا بەشدارن لە جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکی وڵات بۆ گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران.
بەگوێرەی ئامارەکانی سێنتکۆم، لەو ماوەیەدا رێگری لە 100 کەشتیی بازرگانی کراوە و گەڕێندراونەتەوە، چوار کەشتیی بازرگانی بەهۆی سەرپێچییەوە لەکارخراون و رێگە بە 26 کەشتیی هەڵگری هاوکاریی مرۆیی دراوە تێپەڕبن.
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ستایشی سەربازانی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت: "ئەوان بە وردی و پیشەگەرانە ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن. رێگەنەدان بە هیچ جۆرە بازرگانییەک لەگەڵ بەندەرەکانی ئێران، وای کردووە تاران لە رووی ئابوورییەوە بکەوێتە ژێر گوشارێکی زۆر و کەم وێنەوە."
لەو ئۆپەراسیۆنە فراوانەدا کە هەردوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (ئەبراهام لینکۆڵن) و (جۆرج بوش) بەشدارن، زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی و چەندان کەشتیی تێکشکێنەر لە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عومان جێگیرکراون. گەمارۆکە هەموو ئەو کەشتییانە دەگرێتەوە کە دەیانەوێت بچنە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لەوێوە بێنە دەرەوە.
دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە ئامانجی ئەم گەمارۆیە ناچارکردنی ئێرانە بۆ پاشەکشە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ئێستا تاران بەهۆی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەریاییانەوە، لەژێر کاریگەریی گەمارۆیەکی ئابووریی توونددایە، ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی کردووەتە سەر بازاڕەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە؛ نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە
لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی چڕیان کردە سەر چەند ئامانجێک لە نێو ئێران، ئێرانیش بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێی، وەڵامی هێرشەکەی دایەوە، لە دووەم رۆژی جەنگەکەدا، ئێران تەنگەی هورمزی داخست، لە بەرامبەردا ئەمریکا گەماڕۆی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران.