سعودیە: هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت حەج بکات بە زیاتر لە 26 هەزار دۆلار سزا دەدرێ
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە سزایەکی دارایی قورسی بۆ ئەو کەسانە دیاریکرد، کە بەبێ مۆڵەت حەج دەکەن، بە جۆرێک هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت هەوڵ بدات حەج بکات، بە 100 هەزار ریاڵ سزا دەدرێت.
رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، وەزارەتی ناوخۆی سعودیە بڵاویکردەوە: "سزای دارایی بە بڕی تاوەکو 100هەزار ریاڵی سعودی (زیاتر لە 26 هەزار دۆلار) بەسەر هەر کەسێکدا دەسەپێندرێت کە بەبێ مۆڵەت حەج بکات یان هەوڵی کردنی بدات، یاخود بەبێ مۆڵەت بچێتە نێو شاری مەککە و شوێنە پیرۆزەکان و تێیاندا بمێنێتەوە.
شێخ دلێر جەبار بەرزنجی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی دەستەی حەج و عومرەی عێراق، بە رووداوی راگەیاند :" خاڵی پشکنینی زۆر بڵاوەی پێکراوە لە نێو سعودیە و هەموو شوێنە گشتییەکانم هەر حاجییەک کارتێکی پێناسی پێوەیە پێێدەڵێن 'کارتی نوسک' ناو زانیاری تەواویی حاجییەکەی تێدایە لە کوێوە هاتووە، بارکۆدێکی پێوەیە کارتەکە لەگەڵ سیم کارتێک بۆ تێپەربوون لە دەرگاکان نێو مەککە، تەنانەت حاجییەکە ناتوانێ بچێت تەوافیش بکات ئەگەر ئەو کارتەی پێ نەبێت"
شێخ دلێر بەرزنجی دەڵێت:" ئەمساڵ رێکارەکان زۆر تووندن، هەر حاجییەک بیەوێ هاوکاری کەسێکی دیکە بکات بۆ تێپەربوون بەو کارتە ئەوا هەردووکیان دزای دەدرێن بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە، ئێـمەش هەمووانمان لەو رێکارانە ئاگادارکردووەتەوە"
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لە پێویستیی پابەندبوون بە رێنماییەکانی رێکخستنی وەرزی حەجی ئەمساڵ (1447ی کۆچی) کراوەتەوە، ئەوەش لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی "میوانانی خودا"؛ ئاماژە بەوەش کراوە کە هەر لایەنێک سەرپێچیی رێنماییەکان بکات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە داوا لە هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکە دەکات لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەک، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.
دوو ساڵە سعودیە رێکارەکانی بە جێگەیاندنی فەریزەی حەجی تووندکردووە، ئەویش دوای ئەوەی پێرار چەندین کەس بەبێ مۆڵەت حەجیان کرد، ئەمەش قەرەباڵخییەکی زۆری دروست کرد و بەهۆیەوە چەندین حاجی لە رۆژی عەرەفەدا کەوتنە ژێر پێ و گیانیان لە دەست دا.