رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل [لای راست] و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی. لە رۆژی 7ی نیسانی 2025. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە "هەر رێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ ئێراندا دەبێت مەترسیی ئەتۆمی لەناو ببات."
نەتەنیاهوو روونیکردەوە، ئەمە بە واتای "هەڵوەشاندنەوەی وێستگەکانی پیتاندنی ئەتۆمیی ئێران و لابردنی مادە ئەتۆمییە پیتێندراوەکانی لە خاکەکەیدا" دێت.
رۆژی یەکشەممە 25-05-2026، بنیامین نەتەنیاهوو لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی، وردەکاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی شەوی رابردووی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا خستەڕوو، کە تێیدا باسیان لە یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و دانوستاندنەکانی داهاتوو کردووە.
نەتەنیاهوو رایگەیاند: "سیاسەتی من، وەک سەرۆک ترەمپ، بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە: ئێران نابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ترەمپ "مافی ئیسرائیلی بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە دژی هەڕەشەکان لە هەموو بەرەیەکدا، بە لوبنانیشەوە، دووپاتکردووەتەوە."
هەروەها، نەتەنیاهوو پێزانینی خۆی بۆ ترەمپ دەربڕی لەبەرامبەر "پابەندبوونە نەگۆڕەکەی" بۆ ئاسایشی ئیسرائیل، بەتایبەتی لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی (شێری نەڕێنەر) و (تووڕەیی داستانئاسا)ـدا، کاتێک هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل "شانبەشان دژی هەڕەشەی ئێران جەنگان."
لە کۆتایی پۆستەکەیدا، نەتەنیاهوو نووسیویەتی: "هاوبەشیی نێوان ئێمە و هەردوو وڵاتەکەمان لە گۆڕەپانی شەڕدا سەلمێندراوە و هەرگیز لەوە بەهێزتر نەبووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ