فەلەستینییەکان بە بۆنەی ئازادکردنی زیندانییەکانیانەوە ئاهەنگ دەگێڕن
رووداو دیجیتاڵ
لەدوای رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانی و بارمتەکان لەلایەن ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسەوە، کەسوکاری گیراوان و بارمتەکان بە تامەزرۆییەوە و پێشوازیی لە ئازیزانیان دەکەن.
مەرح بەکر تەمەنی 16 ساڵ بوو کاتێک لەلایەن ئیسرائیلەوە بەتۆمەتی ئەنجامدانی هێرشی چەقۆ دەستگیرکرا. دوای هەشت ساڵ، لەگەڵ رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییان بەرامبەر بارمتە، بە باوەشی گەرمی دایکی شادبووەوە.
مەرح بەکر، زیندانی ئازادکراوی فەلەستینی دەڵێت، "لەرووی دەروونییەوە ئاسوودە نیم کە ئازادکراوم بەهۆی ئەو دۆخە سەختەی لە وڵات هەیە و غەززە خەڵکی زۆری لەدەستداوە، بەڵام هیوادارم دۆخەکە بەزوویی بگەڕێتەوە باری جارانی."
مەرح لە دووریی دایکی و ئازیزانی تەمەنی بوو بە 24 ساڵ، بەڵام یەکێکە لەو 39 فەلەستینییەی دوای جەنگێکی زیاتر لە 45 رۆژ و کوژرانی زیاتر لە 14 هەزار فەلەستینی، وەک تەندروستیی غەززە دەڵێت، ئازادکراون.
مەرح لەنێو کەسوکاریدا هەمیشە کەسێکی لەیادنەکراو بووە؛ سەوسەن بەکر، دایکی مەرحە و دەڵێت، "مەرح منداڵ بوو کە دەستگیرکرا، ئەوە لە کاتێکدایە هەمیشە پێویستی بە من بوو وەک دایکێک. دوورکەوتنەوەی بۆ 8 ساڵ و 2 مانگ بۆ ئێمە زۆر زۆر بەئازار بوو. لە هەموو ژوورێکدا وێنەیەکی مەرحمان هەڵواسی بوو؛ هەموو وێنەکانیش بە زیندوویی لەگەڵ ئێمە دەژیان."
رۆژی هەینی هاواری خۆشی لە شەقامەکانی فەلەستین بەرزبووەوە، دوای ئەوەی ئیسرائیل و فەلەستین ئاڵوگۆڕیان بە ژمارەیەک بارمتە و زیندانی کرد.
ئیسرائیل 39 زیندانی فەلەستینی ئازادکرد، لەبەرامبەردا حەماسیش 24 بارمتەی ئازادکرد، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوو هەردوولا کەسی زیاتری یەکدی بگەڕێننەوە باوەشی ئازیزانیان.