دەنگی تەقینەوە شارێکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەبیسترێت
رووداو دیجیتاڵ
لە 28مین رۆژی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز چەندین ناوچەی جیاوازیان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گرتەوە؛ سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئێرانیش لە چەندین پارێزگا کارا کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، بەرەبەیانی رۆژی هەینی، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە شارەکانی ورمێ، کرماشان و ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان بیستراون. هاوکات لە تارانی پایتەختی ئێرانیش، دەنگی تەقینەوە و فڕۆکەی جەنگی لە ناوەندی شار و ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی پارێزگاکە بیستراوە.
کاشان؛ چەقی هێرشەکان
زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شاری کاشان لە پارێزگای ئیسفەهان (ناوەندی ئێران)، چەقی هێرشەکانی ئەمڕۆ بووە. لە شەوی رابردووەوە دەنگی هەڵدانی مووشەک و تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لەو شارە نەبڕاوەتەوە. بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دووکەڵێکی زۆر لە ئاسمانی شارەکەدا دەبینرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی شوێنە کراوەکانە ئامانجەکان رانەگەیێندراون.
چالاکبوونی سیستمی بەرگری
لە تاران، سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ بەرپەچدانەوەی هێرشەکان کارا کراوە و دەنگی تەقینەوەکان لە زۆربەی گەڕەکەکان هەستی پێکراوە. هاوکات لە شاری ئابادانی سەر بە پارێزگای خوزستان، کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە کەنداوەوە دوورە، فڕۆکە جەنگییەکان بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە و دەنگی چەندین تەقینەوە لەو سنوورەش بیستراوە.