ترەمپ پێشنیازێکی نەتەنیاهووی بۆ هاندانی ئێرانییەکان رەتکردەوە: "هەموویان کۆمەڵکوژ دەکرێن"


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازێکی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بۆ هاندانی خەڵکی ئێران بۆ راپەڕین رەتکردووەتەوە و دەڵێت، نامەوێت خەڵک بڕژێنە سەر شەقام و کۆمەڵکوژ بکرێن.
 
رۆژنامەی "ئێندیپیندێنت"ـی بەریتانی بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازێکی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی رەتکردووەتەوە کە داوای لێکردبوو واشنتن و تەلئەڤیڤ پێکەوە هانی خەڵکی ئێران بدەن بۆ ئەوەی دژی حکومەتەکەیان بڕژێنە سەر شەقامەکان.
 
هەروەها ماڵپەڕی (ئاکسیۆس) لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە وردەکاریی گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیی نێوان هەردوو سەرۆکەکەی بڵاوکردووەتەوە. بەگوێرەی سەرچاوەکە، ترەمپ بە نەتەنیاهووی گوتووە: "ئاخر بۆچی داوا لە خەڵک بکەین بڕژێنە سەر شەقامەکان، لەکاتێکدا دەزانین هەموویان کۆمەڵکوژ دەکرێن؟"
 
نەتەنیاهوو: ئێستا کاتی تێکدانی سەقامگیریی ئێرانە
 
سەرچاوەیەکی ئەمریکی و ئیسرائیلی بە ئاکسیۆسیان راگەیاندووە، نەتەنیاهوو لەو پەیوەندییەدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە "رژێمی ئێران لاواز و سەرلێشێواوە" و ئێستا دەرفەتێکی زێڕین و گونجاوە بۆ ئەوەی ناسەقامگیریی زیاتر لە نێوخۆی ئەو وڵاتەدا دروستبکرێت. بەڵام ترەمپ نیگەرانیی دەربڕیوە لەوەی کە داواکارییەکی لەو شێوەیە تەنیا دەبێتە هۆی رشتنی خوێنی خەڵکی سڤیل و روودانی کۆمەڵکوژی.
 
ئەم هەڵوێستە نوێیەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا سەرۆکی ئەمریکا هانی خۆپیشاندەرانی دابوو بەردەوام بن و بەڵێنی دابوو کە "هاوکاریی ئەمریکا لە رێگایە،" بەڵام وەک دیارە لەگەڵ تووندبوونەوەی جەنگەکە، تێڕوانینی ترەمپ بۆ هاندانی راپەڕینی نێوخۆیی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.