بەپێی ئامارێک: 83٪ـی مووشەک و درۆنەکانی ئێران روویان لە کەنداو بووە

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئامارێک کە رۆژنامەی (ئەلشەرق ئەلئەوسەت) بڵاوی کردووەتەوە، لە سەرەتای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران، 83٪ـی ئەو مووشەک و درۆنانەی لە ئێرانەوە هەڵدراون، بە ئاراستەی وڵاتانی کەنداو بوونە و تەنیا 17٪یان ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.
 
بەپێی ئەو بەیاننامە و بڵاوکراوە فەرمییانەی لەلایەن حکومەتەکانی کەنداوەوە پاش هەر هێرشێکی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، لە 28ی شوباتی رابردووەوە کە بۆ جاری دووەم جەنگ لە دژی ئێران هەڵگیرسایەوە، هەتا ئێوارەی دوێنێ (چوارشەممە 25ی ئادار) لەنێو خاکی ئێرانەوە 4391 مووشەک و درۆن ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کراون. لە بەرامبەر ئەوەدا 930 مووشەک و درۆن لە ئێرانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون کە دەکاتە 17٪ی کۆی هێرشەکانی ئێران.
 
ئێران لە سەرەتای ئەم جەنگەوە 723 مووشەک و درۆنی بەرەو عەرەبستانی سعودی هەڵداوە، بەڵام جێی سەرنجە پشکی هەرە گەورەی ئەو پەلامارە بەر دەوڵەتی ئیمارات کەوتووە کە لە ماوەی 27 رۆژی ئەم جەنگەدا 2156 هێرشی کراوەتە سەر. لەپاش ئەویش کوێت دێت کە 791 هێرشی کراوەتە سەر و ئینجا بەحرێن دێت بە 429 هێرش و قەتەر بە 270 هێرش، تەنانەت سەڵتەنەتی عومان کە لەنێو دەوڵەتانی کەنداودا لەڕووی پەیوەندی و دۆستایەتییەوە هەرە نزیکترینیان بووە لە ئێران، 22 جار بەرەوڕووی هێرش و پەلاماری درۆنی ئێرانی بووەتەوە.
 
سیستمە بەرگرییەکانی وڵاتانی کەنداو توانیویانە زۆربەی ئەو هێرشانە لە ئاسماندا تێکبشکێنن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دامەزراوەکانی وزە لەم وڵاتانە کە بە شادەماری ئابووریی جیهان دادەنرێن، بەدوور نەبوونە لە زەرەر و زیان.
 
داوای قەرەبوو لە ئێران
 
بەردەوامیی ئەم هێرشانە و ئەو مەترسییەی لە تەنگەی هورمزدا بۆ جووڵەی کەشتیوانی دروست بووە، خەریکە جیهان رووبەڕووی قەیرانێکی مەترسیدار دەکاتەوە. ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی چوارشەممە ئەو هێرش و پەلامارانەی سەرکۆنە کرد و داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد قەرەبووی زیانەکانیان بکاتەوە.
 
ئەنجوومەنەکە پشتگیریی خۆی بۆ بڕیارێک دەربڕی کە شەش وڵاتە ئەندامەکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و هەروەها ئوردن لە دژی ئەو دەستدرێژییانە پێشکەشیان کردبوو. بڕیارەکە هەوڵەکانی پەکخستنی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز سەرکۆنە دەکات و داوا لە ئێران دەکات دەستبەجێ ئەو هێرشانە راگرێ کە راگەیێندراوەکە بە "هێرشی بێ پاساو" ناویان دەبات. هەروەها داوا لە ئێران دەکات کە رێزی یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێ و شوێنەکانی نیشتەجێبوون و ئەو دامەزراوانەی پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، نەکاتە ئامانج.
 
شەش ئەندامەکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لەو هێرشانەدا تەنیا پەنجەی تۆمەت بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژ ناکەن، لەو بەیاننامە هاوبەشەدا کە دوێنێ رایانگەیاند، داوایان لە حکومەتی عێراق کرد رێکاری پێویست بگرێتەبەر و لەوە زیاتر رێ بە هێرش و پەلامارە درۆنییەکانی ئەو میلیشیا و گرووپە چەکدارانە نەدات کە لە خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر وڵاتانی کەنداو.