مستەفا ئەدیب لە ئەرکی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی لوبنان کشایەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دوای گوشارە زۆرە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکاری لە وڵاتەکە، مستەفا ئەدیب، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی لوبنان رایگەیاند، لە ئەرکی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی لوبنان دەکشێتەوە. 
 
لوبنان لە قەیرانێکی رووخێنەری ئابووری و داراییدایە، تەقینەوەکەی سەرەتای مانگی ئابیش دۆخی ئەو وڵاتەی خراپتر کرد و حکومەتی پێشووی وڵاتەکەی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد. 

 

پۆستە وەزارییەکان ناکۆکی زۆری لەسەرە لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی لوبنان، مستەفا ئەدیب رایگەیاند "بۆم روون بووەوە، ئەو رێککەوتنەی بەهۆیەوە بەسەرکردایەتیکردنی حکومەتی داهاتووی لوبنان رازیبووم، بوونی نەماوە". 

لایەنە سیاسییەکانی لوبنان، لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکەیان لە وادەی دیاریکراو لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا شکستیان هێنا، پاش دروستبوونی ناکۆکیی قووڵ لەسەر دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان لەنێوانیاندا.

ماکرۆن لەسەرەتای ئەم مانگەدا و بۆ دووەمجار لەسەریەک، سەردانی بەیرووتی کرد و دووپاتیکردەوە، پێویستە لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکە، لەماوەی دوو هەفتەدا حکومەتێکی تایبەتمەند دروست بکەن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، لەپێناو ئەنجامدانی چاکسازییە خێراکان، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای دەکات.

ماکرۆن یەکەم سەرۆک بوو لە دوای تەقینەوە گەورەکەی رۆژی 4ـی ئابی ئەمساڵ، لە بەندەری بەیرووت، سەردانی ئەو وڵاتەی کرد. لە تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووتدا کە بەهۆی تەقینەوەی 2750 تۆن لە 'نیتراتی ئەمۆنیۆم' لە کۆگایەکی بەندەرەکەدا روویدا، 190 کەس گیانیانلەدەستدا، زیاتر لە شەش هەزار کەس برینداربوون، 300 هەزاریش لە دانیشتووانی شارە بە 'وێرانە' ناوبراوەکەدا، بێماڵوحاڵ مانەوە.

تەقینەوەی بەندەرەکەی بەیرووت، هەروەها بووە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی لوبنان بە سەرۆکایەتیی حەسەن دیاب. دواتر میشێل عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان، ئەدیبی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵات راسپارد.

ئەدیب ئەمڕۆ سەردانی کۆشکی 'بعەبدا'ی کرد و شکستهێنانی خۆی لە دروستکردنی حکومەتی نوێی وڵات، بەسەرۆکی لوبنان راگەیاند.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەپاش کۆبوونەوەی لەگەڵ عۆن، ئەدیب گوتی "دەستپێشخەرییەکەی ماکرۆن بریتیبوو لە دروستکردنی حکومەتێک لە خەڵکانی تایبەتمەند و تەکنۆکرات، بەڵام من ئەوەم پێ جێبەجێنەکرا، لەبەرئەوە داوای لێبوردن دەکەم لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ".

ئەو زیاتر روونیکردەوە، لایەنە سیاسییەکان سوورن لەسەر بەدەستهێنانی داواکارییەکان لە ‌وەزارەتەکانی حکومەتدا و نەگەیشتنە رێککەوتن لەنێوان خۆیاندا. ئەدیب هەروەها هێرشی کردە سەر لایەنەکان و بەکۆسپ خستنە بەردەم پێکهێنانی حکومەت تۆمەتباری کردن.

هەنگاوی پاشەکشەی ئەدیب، رووداوێکی پێشبینینەکراو نەبوو لەلایەن چاودێرانەوە، بەتایبەت دوای هەڵوێستی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل، کە سووربوون لەسەر دەستنیشانکردنی وەزیرێکی شیعە بۆ پۆستی وەزیری دارایی وڵات، بەڵام ئەدیب ئەوەی رەتکردەوە.

ماکرۆن داوایکردبوو حکومەتی نوێی پێکهێنراوی لوبنان، ئەندامەکانی کەسانی پسپۆڕ و تایبەتمەند و دوور لە لایەنگیری سیاسی و بەشبەشکاری حیزبی بن، بەشێوەیەک بتوانن متمانەی دانیشتووانی وڵاتەکە بەدەستبهێنن و هۆکاربن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاریی لوبنان بکات.

ماکرۆن لە دووەم سەردانی خۆیدا بۆ لوبنان، هۆشداریدایە هەمووان بەوەی وڵاتەکە رووبەڕووی مەترسی 'لەناوچوون' دەبێتەوە، ئەگەر چاکسازی پێویست ئەنجام نەدات.

هاوکات هەفتەی پێشوو، میشێل عۆن رایگەیاند "وڵات بەرەو جەهەنەم دەڕوات، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ، رێکنەکەون".

بەر لە تەقینەوەکەی بەیرووت، دۆخی ئابووریی لوبنان داڕووخانی خێرای بەخۆوەبینی، بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە کە دراوی فەرمیی وڵاتە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگرە لەهەر هاوکارییەک بۆ لوبنان، هەتا چاکسازی لە دامودەزگەکانیدا نەکات، بەتایبەت سیستمی بانکی و ئابووریی وڵاتەکە، کە بەدەست وێرانبوونەوە دەناڵێنن و حیزبوڵڵا بە دەستهەبوون لە مایەپوچکردنی وڵاتەکە و داڕووخانی ئابوورییەکەیدا، تۆمەتبار دەکرێت.

بەپێی هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەکان، زیانە ئابوورییەکانی لوبنان لە تەقینەوەی بەندەرەکەدا، هەشت ملیار دۆلارە. وازهێنانی ئەدیبیش، بەسەرەتای قۆناخێکی دیکەی مەترسیداری سیاسی لە لوبنان دادەنرێت.