سەرۆککۆماری ئێران سەردانی تورکیا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، دوای پشووەکانی سەری ساڵ، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی تورکیا دەکات. بڕیاربوو ئەو سەردانە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بکرێت، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکارەکەی بدات رایگەیاند، "سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ تورکیا لە دوا ساتەکاندا هەڵوەشایەوە".
 
رۆژی دووشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2023، عەلی باقری، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، "لە هەفتەی یەکەمی کانوونی دووەم، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی تورکیا دەکات".
 
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە رێکەوتی سەردانەکە نەداوە، بەڵام گوتوویەتی، بڕیارە لەو سەردانەدا ئیبراهیم رەئیسی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا سەردانی ئەنقەرە بکات و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە.
 
پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، رۆژی 28ـی کانوونی یەکەم، سەرۆککۆماری ئێران لە ئەنقەرە لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە، بەڵام لەو رێکەوتەدا نووسینگەی سەرۆککۆماری تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "بڕیاربوو ئەمڕۆ سەرۆککۆماری ئێران سەردانی تورکیا بکات، بەڵام لە دوا ساتەکاندا ئەو سەردانە هەڵوەشایەوە".
 
نووسینگەی سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سەردانە هیچ وردەکارییەکی بڵاونەکردەوە، بەڵام بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، بڕیاربوو لەو سەردانەدا هەردوو سەرۆککۆماری تورکیا و ئێران لەبارەی شەڕی غەززە گفتوگۆ بکەن و راگەیێندراوێکی هاوبەش بڵاوبکەنەوە.