زیاتر لە 230 بیانی لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کوژراون

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین (بە تایبەت حەماس)،  ژمارەیەکی زۆر بیانی کوژراون و برینداربوون، یان لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.
 
ئیسرائیل رایگەیاندووە، لە دەستپێکی شەڕەکە لە 7ـی تشرینی یەکەم، تاوەکو ئێستا 1400 ئیسرائیلی کوژراون، هەروەها 224 هاووڵاتیش لەلای حەماس بارمتەن و زیاتر لە 230 بیانیش کوژراون.
 
حەماس رایگەیاندووە، 50 لەو بارمتانە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون، بەڵام تائێستا دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆ ئەو ژمارەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
لە دوای هێرشەکەی حەماسەوە، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانێکی چڕی کەرتی غەززە کردووە، بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە زیاتر لە حەوت هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، کە سێ هەزاریان منداڵن.
 
کوژران و بێسەروشوێنبوونی بیانییەکان بەپێی وڵاتان بەمشێوەیە دابەشبوون:
 
- ئەمریکا: 31 کوژراو و 13 بیسەروشوێن.
 
بەپێی گوتەی بەرپرسانی کۆشکی سپی، تائێستا 31 ئەمریکی کورژاون، 13 کەسیش بێسەروشوێنن، کە گومان دەکرێت لە دەست چەکدارانی حەماسدا بن.
 
رۆژی 20-10-2023 بزووتنەوەی حەماس دوو بارمتەی ئەمریکی رزگارکرد، کە دایكێک و کچێک بوون.
 
- تایلاند: 33 کوژراو و 18 بارمتە.
 
رۆژی پێنجشەممە، بەرپرسانی تایلاند رایانگەیاند، بەهۆی شەڕی نێوان چەکدارانی حەماس و ئیسرائیل 33 تایلەندی کوژراون و 18ـی دیکەش لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون. 
 
نزیکەی 30 هەزار تایلەندی لە ئیسرائیلن، کە زۆربەیان لە کەرتی کشتوکاڵی ئەو وڵاتە کار دەکەن.
 
- فەرەنسا: 35 کوژراو و نۆ بێسەروشوێن.
 
حکومەتی فەرەنسا رایگەیاندووە، بەهۆی شەڕەکەوە 35 فەرەنسی کوژراون، هەروەها نۆ فەرەنسیش بێسەروشوێنن، یان لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون.
 
میا شیم، کە هاووڵاتییەکی بە رەگەز فەرەنسی – ئیسرائیلییە، رۆژی 16ـی ئەم مانگە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەرکەوت، کە لەلایەن حەماسەوە بڵاوکرایەوە.
 
- رووسیا: 19 کوژراو، دوو بارمتە و حەوت بێسەروشوێن
 
بەپێی دوایین راگەیێندراوی باڵیۆزخانەی رووسیا لە تەلئەڤیڤ، تائێستا 19 هاووڵاتی رووسیا کوژراون، دوو رووسیایی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون و حەوتیشیان بێسەرشوێنن.
 
ئۆکراینا: 21 کوژراو و یەک بێسەروشوێن.
 
بەرپرسانی کیێڤ رایانگەیاندووە، لە ئەنجامی شەڕەکەی نێوان چەکدارانی فەلەستین و ئیسرائیل 21 ئۆکراینی کوژراون، هەروەها ئاماژە بە بێسەروشوێن بوونی ئۆکراینییەک دەکەن.
 
نیپاڵ: 10 کوژراو و یەک بێسەروشوێن.
 
باڵیۆزخانەی نییپاڵیش لە تەلئەڤیڤ رایگەیاندووە لە شەڕەکەی حەماس و ئیسرائیلدا 10 نیپاڵی کوژراون و پەیوەندیشیان لەگەڵ هاووڵاتییەکیان پچڕاوە.
 
265 قوتابی نیپاڵی لە ئیسرائیل دەخوێنن، 17یان لە کۆمەڵگەی جوونشینی ئالومیمن، کە لەلایەن حەماسەوە هێرشی کرایە سەر. 
 
- ئەرجەنتین: 9 کوژراو و 21 بێسەروشوێن.
 
دەسەڵاتدارانی ئەرجەنتین تائێستا کوژرانی نۆ هاووڵاتییان راگەیاندووە، هەروەها 21 ئەرجەنتینیش بیسەرشوێنن، کە دووانیان بران بە ناوەکانی ئیار و ئیتان.
 
بەریتانیا: 12 کوژراو و 5 بێسەروشوێن.
 
لانیکەم 12 بەریتانی کوژراون و پێنج بەریتانیش تاوەکو ئێستا هیچ سۆراخێکیان نییە.
 
لە نێو بەریتانیا کوژراوەکاندا دایكێک و کچە 13 ساڵانەکەی بە ناوی یائیر شرابی و کوڕە 13 ساڵانەکەشی بەناوی نویا هەن، سەرۆکی خێزانەکەش بە ناوی ئیلی تائێستا بێسەروشوێنە. 
 
- کەنەدا: 7 کوژراو و 2 بێسەروشوێن.
 
حکومەتی کەنەدا رایگەیاندووە، جگە لە گیانلەدەستدانی حەوت کەنەدی لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا، تائێستا دوو هاووڵاتی کەنەدی بێسەروشوێنن.
 
- پورتوگاڵ: 4 کوژراو و 2 بێسەروشوێن.
 
بەرپرسانی لشبۆنە کوژرانی چوار پورتوگاڵیان راگەیاندووە و باس لە ونبوونی چواری دیکەش دەکەن.
 
- چین: 4 کوژراو و 2 بێسەروشوێن.
 
حکومەتی چین بە فەرمی راگەیاندووە، چوار هاووڵاتی چینی کوژراون و دووانیشیان بێسەروشوێنن.
 
- فلیپین: 4 کوژراو و 2 بێسەروشوێن.
 
حکومەتی فیلیپین رایگەیاندووە، چوار فلیپینی کوژراون، لەوانە ئافرەتێکی تەمەن 33 ساڵ و پیاوێکی تەمەن 44 ساڵ لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئۆردووگایەکی جوونشین، هەروەها ئافرەتێکی تەمەن 49 ساڵ کە بەشداری لە فێستیڤاڵی مۆسیقادا کردووە. 
 
حکومەتی فیلپین راشیگەیاندووە، دوو فلیپینی تائێستا بێسەروشوێنن.
 
- رۆمانیا: 5 کوژراو و 1 بێسەروشوێن.
 
حکومەتی رۆمانیا کوژرانی پێنج هاووڵاتی وڵاتەکەی پشتڕاستکردووەتەوە، لەوانەش سەربازێکی سوپای ئیسرائیل، کە وڵاتینامەی رۆمانیای هەیە. هەروەها ئاشکرای کردووە کە رۆمانییەک لەلایەن حەماسەوە رفێندراوە. 
 
- نەمسا: چوار کوژراو و یەک بێسەروشوێن.

 

بەرپرسانی نەمسا باس لە کوژرانی چوار نەمسایی و بێسەروشوێنبوونی یەکێکیان دەکەن.
 
- بێلارووس: 3 کوژراو و 1 بێسەروشوێن.
 
رۆژی پێنجشەممە 26-10-2023 باڵیۆزخانەی بێلارووس لە تەلئەڤیڤ رایگەیاند، لە شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیل سێ هاووڵاتی بێلارووسی کوژراون و یەکێکیشیان بێسەروشوێنە.
 
- بەرازیل: 3 کوژراو و 1 بێسەروشوێن.
 
پیاوێک و ژنێکی ئیسرائیلی - بەرازیلی و ئافرەتێکی بەرازیلیش لە ئەنجامی هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون.  هەروەها میشال نیسنباوم، تەمەن 59 ساڵ، کە بە ئیسرائیلییەکی بە رەچەڵەک بەرازیلییە، لەنێو بێسەروشوێنبووان دایە.
 
- پیرۆ: 3 کوژراو

 

وەزارەتی دەرەوەی پیرۆ ئاشکرای کردووە، کە سێ هاووڵاتی پیرۆ لە شەڕەکەدا گیانیان لە دەستداوە
 
- ئۆرۆگوای: 1 بارمتە.
 
بەرپرسانی حکومەتی ئۆروگوای رایانگەیاندووە، شانی گۆرین، تەمەن 29 ساڵ کە ئیسرائیلییەکی بە رەچەڵەک ئۆروگواییە، لە کاتی هێرشکردنە سەر کۆمەڵگەی جوونشینی نیر ئوز، رفێندراوە.
 
- ئەفریقای باشوور: 2 کوژراو.
 
حکومەتی ئەفریقیای باشوور رایگەیاندووە، دوو هاووڵاتیی لە ئەنجامی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە دەستداوە.
 
- ئیتاڵیا: 3 کوژراو
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا راگەیاندووە، سێ هاووڵاتی ئیتاڵی، کە دووانیان لە شەستەکانی تەمەنیانن و ئەوی دیکەشیان تەمەنی 29 ساڵە، لە کاتی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر فێستیڤاڵێکی میوزیک کوژراون.
 
- چیلی: کوژراوێک و بێسەروشوێنێک.

 

بەرپرسانی چیلی رایانگەیاندووە هاووڵاتییەکی چیلی کوژراوە و یەکێکیشیان کە لە ئۆردووگای جوونشییی کیسوفیم بووە، بێسەروشوێنە.
 
- تورکیا: کوژراوێک و بێسەروشوێنێک.

 

بەرپرسانی ئەنقەرە رایانگەیاندووە ئیسرائیلییەکی بە رەچەڵەک تورک، کە لە ساڵی 1972ەوە لەگەڵ خێزانەکەی لە ئیسرائیل دەژی، کوژراوە، یەکێکیش بێسەروشوێنە.
 
ئیسپانیا: کوژراوێک و بارمتەیەک
 
بەرپرسانی مەدرید کوژرانی ئیسپانییەکیان راگەیاندووە، کە وڵاتینامەی ئیسرائیلیشی هەیە، هەروەها باس لە دەستگیرکردنی ئیسپانییەکی دانیشتووی هەرێمی باسک دەکەن، کە هاوژینە چیلییەکەشی بە بارمتە گیراوە.
 
- کۆڵۆمبیا: کوژراوێک و بێسەروشوێنێک.
 
حکومەتی کۆڵۆمبیا کوژرانی هاووڵاتییەک و بێسەروشوێنبوونی یەکێکی دیکەی راگەیاندووە.
 
- کەمبۆدیا: 1 کوژراو.

 

بەپێی بەرپرسانی کەمبۆدیا، قوتابییەکی کەمبۆدی لە ئیسرائیل، کوژراوە
 
- ئوسترالیا: کوژراوێک.
 
حکومەتی ئوسترالیا، کوژرانی ژنێکی ئوسترالی پشتڕاستکردووەتەوە.
 
- هندۆراس: 1 کوژراو.
 
بەرپرسانی هیندۆراس رایانگەیاندووە، یەکێک لە هاووڵاتییەکانیان لە ئیسرائیل کوژراوە.
 
- ئازەربایجان: 1 کوژراو.
 
بەرپرسانی باکو دەڵێن، هاووڵاتییەکی ئازەربایجانی کوژراوە. 
 
- سویسرا: 1 کوژراو.

 

بەرپرسانی سویسرا رایانگەیاندووە، هاووڵاتییەکی سویسریی تەمەن 70 ساڵ، کە لە 2004ـەوە لە ئیسرائیل نیشتەجێیە، کوژراوە.
 
- ئێرلاند: یەک کوژراو.
 
بەرپرسانی دبلن رایانگەیاندووە، کچێکی تەمەن 22 ساڵی ئیسرائیلی بە رەچەڵەک ئێرلەندی، کوژراوە.
 
مەکیسک: دوو بارمتە.
 
بەرپرسانی مەکیسکۆ ئاشکرایان کردووە، پیاوێکی مەکسیکی - فەرەنسی، تەمەن 32 ساڵ و ئافرەتێکی مەکیسکی - ئیسرائیلی، تەمەن 30 ساڵ، بە بارمتە گیراون.
 
هۆڵەندا: 1 بارمتە
 
بەرپرسانی هۆڵەندا رایانگەیاندووە، گەنجێکی تەمەن 18 ساڵانی هۆڵەندی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراوە.
 
ئەڵمانیا: ژمارەیەک کوژراو و بارمتە
 
- ژمارەی کوژراوانی ئەڵمانی نزیکەی 10 کەسن، لەگەڵ ژمارەیەکی کەمی بارمتە.
 
وڵاتی دیکە:
 
ئۆروگوای باس لە دیارنەمانی دوو هاووڵاتی، تەنزانیا دوو هاووڵاتی و سریلانکا دوو هاووڵاتی دەکات