مەحموود عەباس وەڵامی ترەمپ دەداتەوە: قودس بۆ فرۆشتن نییە

 
رووداو - هەولێر 
 
سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنی سەدەی راگەیاند و ئۆرشەلیم (قودس)ـی وەک پایتەختی ئیسرائیل دیاریکرد، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەلەستینیش وەڵامی ترەمپی دایەوە و دەڵێت، قودس بۆ فرۆشتن نییە. 
 
مەحموود عەباس ئاماژەی بەوە کرد، "داوا لە گەلی فەلەستین دەکەم یەکێتی خۆی بپارێزیت. شکست بەو پلانە دەهێنین و لە کۆتاییدا گەلی ئێمە سەردەکەوێت".
 
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پلانی رێککەوتنی ئاشتیی سەدەی بۆ چارەسەری کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین خستەڕوو و رایگەیاند، ئامانجم لە پرۆژە پێشنیازکراوەکە بەدیهێنانی ئاشتیی راستەقینەیە. کاتی ئەوەش هاتووە جیهانی ئیسلامی جارێکی دیکە هەڵە نەکات و دان بە ئیسرائیلدا بنێت.
 
مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەلەستین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، شتێکی نوێیان لە قسەکانی ترەمپ و ناتەنیاهۆ نەبینی و هەزار جار نەخێر بۆ ئەو پێشنیازە دەکەن. 
 
سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەلەستین ئەوەی خستەڕوو، "ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت بەڵێنی بلفۆر لە 2020 جێبەجێ بکەن. پلانەکەی ئەمریکا پیلانە دژی فەلەستین و لۆبیی جوو ئەمریکا هەڵدەسووڕێنێت".
 
ترەمپ نەخشەیەکی نوێی بۆ سنووری ئیسرائیل و فەلەستین داناوە کە تیایدا ئۆرشەلیم (قودس) بە پایتەختی ئیسرائیل دانراوە و بەگوتەی خۆی، ئەو خاکەی بۆ فەلەستین لە نەخشە نوێیەکەدا دیاریکراوە، دوو هێندەی ئەوەی ئێستا دەبێت و رێککەوتنەکەی بە هەلێکی مێژوویی بۆ فەلەستینییەکان ناوبرد تاوەکو لە کۆتاییدا ببنە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. لە نەخشەی فەلەستیندا کەناری رۆژئاوا بە توونێلێک بە کەرتی غەززەوە دەبەسترێتەوە.
 
مەحموود عەباس باسی لەوە کرد، "دەستپێکی پلانەکە بردنی قودس بێت، کۆتاییەکەی باش نابێت. لەدەستچوونی قودس ماڵوێرانییە و دەوڵەتی فەلەستینمان بەبێ قودس ناوێت".
 
بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی رێککەوتنی سەدەی ترەمپ رەتدەکاتەوە و خەلیل ئەلحەیا، بەرپرسی باڵای ئەو بزووتنەوەیە دەڵێت "جگە لە قودس هیچ جێگرەوەیەک وەک پایتەختی فەلەستین قبووڵناکەین "
 
پلانی ئاشتی بۆ رێککەوتنی سەدە کە ئەمڕۆ سێشەممە رادەگەیێنرا، نەخشەی پێشنیازکراوی دەوڵەتی فەلەستینی تێدا خرایەڕوو و دۆناڵد ترەمپ یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە ئەو کارەی کرد و پێشتر هیچ سەرکردەیەک نەیتوانیوە کێشەی ئەو دوو وڵاتە چارەسەر بکات.