حووسییەکان هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، رۆژی شەممە یەکەم هێرشی خۆیان بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند.
گرووپەکە کە کۆنتڕۆڵی زۆربەی ناوچەکانی باکووری یەمەنیان لەدەستە، لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد، چەندین مووشەکی ئاراستەی پێگە سەربازییەکانی ئیسرائیل کردووە.
حووسییەکان پێشتریش لە کاتی جەنگی غەززەدا چەندین جار بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردبووە سەر ئیسرائیل، بەڵام ئەمە یەکەمین هێرشیانە لەوەتەی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە 28ی مانگی رابردووەوە هەڵگیرساوە.
پێش چەند کاژێرێک لە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو کە هێرش لە یەمەنەوە کراوەتە سەر وڵاتەکەیان و سیستمەکانی بەرگری بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە لە کاردابوون.