حەماس: لەگەڵ ویتکۆف لەسەر چوارچێوەی ئاگربەستێکی هەمیشەیی رێککەوتین

 
رووداو دیجیتاڵ

حەماس دەڵێت، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆ، نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر چوارچێوەیەکی گشتی بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە غەززە رێککەوتوون.
 
ئەو چوارچێوەی رێککەوتنە وەکو حەماس دەڵێت، لە بەرامبەر ئازادکردنی 10 بارمتەی ئیسرائیلی، کشانەوەی یەکجاریی ئیسرائیل لە غەززە و گەیاندنی هاوکاریی مرۆییە بۆ نێو غەززە. 
 
ئەمە بڕیاری کۆتایی نییە و حەماس دەڵێت، چاوەڕوانی وەڵامی بەرامبەر دەکەن.
 
هێشتا ئیسرائیل بە فەرمی وەڵامی پێشنیازەکەی نەداوەتەوە.
 
600 رۆژە جەنگی غەززە بەردەوامە. بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا، 54 هەزار و 84 کەس کوژراون و 123 هەزار و 308 کەسیش بریندارن.
 
تەندروستیی غەززە دەڵێت، لەنێو کوژراوەکاندا 16 هەزار و 854 منداڵ هەن.
 
بە گوێرەی تەندروستیی غەززە، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتەکە، لە هەر 15 خولەکێکدا کەسێک دەکوژرێت.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بنامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس لەنێودەبەن و بارمتەکان لە غەززە دەگەڕێننەوە.
 
نەتەنیاهوو باسی لەوە کرد، زانیارییان هەیە 20 بارمتە بەزیندوویی هێشتا لە غەززەن و 28 بارمتەیش کوژراون و تەرمەکانیان لەو کەرتەن.