سوپای ئیسرائیل: هێزەکانمان لەنێو غەززەدان

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، هێزەکانیان چوونەتە نێو کەرتی غەززە و لە ئاسمانیشەوە تونێلەکان بۆردوومان دەکەن. بزووتنەوەی حەماسیش دەڵێت، لە چەندین شوێن رووبەڕووی سوپای ئیسرائیل بوونەتەوە. 
 
دانیێل هاگاری، گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل لە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە تەلئەڤیڤ رایگەیاند، " سوپای ئیسرائیل گەیشتوونەتە نێو کەرتی غەززە و ئۆپەراسیۆنی زەوینی فراوانکردووە".
 
هاگاری رایگەیاند، هێزەکانیان لەنێو کەرتی غەززەن و شەڕ بەردەوامە، بەڵام زانیاری دیکەی نەخستە ڕووەوە.
بزووتنەوەی حەماسیش دەڵێت، لە چەندین بەرەوە رووبەڕووی هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتەوە.
 
دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەرپرسانی غەززە رایانگەیاند، ئیسرائیل زۆربەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندی لەسەر کەرتەکە بڕیوە. سوپای ئیسرائیلیش گوتی، بۆردوومانەکانی بۆ سەر غەززە چڕکردوونەتەوە و هێزی وشکانیش ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ نێو غەززە فراوان دەکات.
 
کەرتی غەززە شەوێکی سەخت و خوێناوی بەڕێکرد، تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ فرۆکە و تۆپخانەکانی ئیسرائیل بەچڕی بۆردوومانی کەرتەکەیان کرد و لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بزووتنەوەی حەماسیش چەند مووشەکێکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. 
 
دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئێوارەی رۆژی هەینی(27-10-2023)، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە خەڵکی باکووری غەززە کرد بەرەو باشوور بچن تاوەکو لە مەترسیی بۆردوومان دووربکەونەوە. 
 
هەمان شەو کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگی 120 وڵات پڕۆژە بڕیارێکی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە پەسندکرد.