ئەمریکا ناسنامەی سێ سەربازە کوژراوەکەی لە ئوردن ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن ناسنامەی ئەو سێ سەربازەی ئاشکرا کرد لە هێرشەکەی ئوردن کوژران.
ناو و تەمەنی سێ سەربازە کوژراوەکەی ئەمریکا:
- ولیەم جیرۆمی ریڤەرس؛ 46 ساڵ
- کێنێدی لەیدن ساندەرس؛ 24 ساڵ
- بریۆنا ئەلێکسۆندەریا مۆفێت؛ 23 ساڵ
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، هەر سێ سەربازەکە خەڵکی ویلایەتی جۆرجیان. پێنتاگۆن دەشڵێت، ژمارەی بریندارانی هێرشەکە گەیشتە 40 سەرباز.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن کە بە تاوەر 22 دەناسرێت. هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی 40 سەربازی دیکە.
تاوەر 22 نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە بنکەی سەربازیی تەنفی سووریاوە دوورە کە هێزێکی ئەمریکی لەوێش جێگیرە. ژمارەیەک سەرباز و راوێژکاری سەربازیی ئەمریکی لە تاوەر 22 دەمێننەوە کە زیاتر ئەرکیان راهێنانکردنە بە هێزە ئوردنییەکان.
لە 17-10-2023ـەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، زیاتر لە 150 جار هێرشیان کردوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا.