بەحرێن: هێرشەکەی سەر شوێنی مانەوەی نێچیرڤان بارزانی تیرۆریستییە
رووداو دیجیتاڵ
بەحرێن سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و بە "تیرۆریستی" ناوی دەبات.
یەکشەممە 29ی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی شانشینی بەحرێن لە راگەیێنراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، دەستدرێژییەکی رەتکراوە و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و پێشێلکردنێکی ئاشکرای بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییە.
رۆژی شەممە، 28ی ئاداری 2026، بە درۆن هێرش کرایە سەر سنووری پارێزگای دهۆک و یەکێک لە درۆنەکان ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج، بەڵام زیانی نەبوو.
وەزارەتی دەرەوەی شانشینی بەحرێن جەختی کردەوە، هەڵوێستی جێگیرە لە پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و پاراستنی خاکەکەی.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "هاوسۆزی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلەکەی دەردەبڕین بەرامبەر بەو هێرشە تیرۆریستییە دووبارەبووانەی کە دامەزراوەکانى دیپلۆماسی و نەوت و سڤیل دەکەنە ئامانج و هەموو شێوەکانی تووندوتیژی و تیرۆر رەتدەکەنەوە کە ئامانج لێیان تێکدانی ئاسایش، سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتییە و هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی هەرێمی."