پاسەوانی نیشتمانیی کوێت: چوار درۆنمان خستە خوارەوە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پاسەوانی نیشتمانیی کوێت رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە ئاسمانی وڵاتەکە بخەنە خوارەوە. هاوکات سوپای کوێتیش دەڵێت، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەرپەرچی ژمارەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنییان داوەتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە عەمید د. جەدعان فازڵ، گوتەبێژی پاسەوانی نیشتمانیی کوێت رایگەیاند، توانیویانە چوار درۆن لەو شوێنانە بخەنە خوارەوە کە ئەرکی پاراستنیان لەسەرە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پاراستنی ناوچە هەستیارەکان و بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکە کە ئاسایشی وڵات بکاتە ئامانج.
 
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای کوێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە پێنج راگەیێندراوەی جیاوازدا کە ئاژانسی هەواڵی کوێت بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیان وەڵامی پێنج هێرشیان داوەتەوە، کە بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر وڵاتەکە.
 
سوپای کوێت دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە ئەو دەنگی تەقینەوانەی دەبیسترێن، دەنگی تێکشکاندنی هێرشەکانە لەلایەن بەرگریی ئاسمانییەوە، هاوکات داوا لە هەمووان دەکات پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەردەچن.