راوێژکارێکی سەرۆکی ئیمارات: هەر رێککەوتنێک لەگەڵ تاران، دەبێت پرسی قەرەبووکردنەوە لەخۆبگرێ
رووداو دیجیتاڵ
ئەنوەر قارقاش، راوێژکاری دیپلۆماسیی محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات دەڵێ، هەر چارەسەرێکی سیاسی بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، دەبێت پرسی قەرەبووکردنەوە لەلایەن تارانەوە لەخۆی بگرێ.
ئەنوەر قارقاش، رۆژی یەکشەممە، 29ی ئاداری 2026، ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئێران قەرەبووی هەموو ئەو زیانانە بکاتەوە کە لە ئەنجامی بەئامانجگرتنی دامەزراوە هەستیارەکان و هاووڵاتییانی مەدەنی دروست بوون.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئیمارات، هەر هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بێ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، چارەسەرێکی ناتەواو دەبێت.
راوێژکارەکەی سەرۆکی ئیمارات جەختی لەوەش کردەوە کە تەنیا قەرەبووکردنەوە بەس نییە، بەڵکو دەبێت هەر چارەسەرێکی سیاسی گەرەنتییەکی روون و بنەڕەتی لەخۆبگرێت بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە.
قارقاش پێیوایە هەبوونی گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی، تاکە رێگەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر وڵاتانی کەنداو.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی مانگی رابردوو دەستی پێکرد و ئێران بە درۆن و مووشەک هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی ناوچەکە.
لە سەرەتای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران، 83٪ـی ئەو مووشەک و درۆنانەی لە ئێرانەوە هەڵدراون، بە ئاراستەی وڵاتانی کەنداو بوونە و تەنیا 17٪یان ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.
لەوەتەی جەنگ لە 28ی شوباتی 2026 دەستی پێکردووە، ئێران بە گشتی 4,538 هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو.
وردەکاریی هێرشەکان بەم جۆرە بووە:
- هێرشە درۆنییەکان: 3,495 درۆنی بۆمبڕێژکراو
- هێرشە مووشەکییەکان: 1,043 مووشەکی بالیستی و کرووز
ئیمارات پشکی شێری بەرکەوتووە
بەگوێرەی داتاکان، ئیمارات زۆرترین هێرشی کراوەتە سەر و بە کۆی گشتیی 2,228 هێرش، پشکی شێری لە مووشەک و درۆنەکان بەرکەوتووە.
وردەکاریی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو:
- ئیمارات: 1,835 درۆن و 393 مووشەک
- سعودیە: 764 درۆن و 102 مووشەک
- کوێت: 465 درۆن و 191 مووشەک
- بەحرێن: 362 درۆن و 154 مووشەک
- قەتەر: 69 درۆن و 203 مووشەک