نێچیرڤان بارزانی گەیشتە ئیمارات و لەگەڵ محەمەد بن زاید کۆدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەبووزەبی. 
 
بڕیارە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات کۆببێتەوە.
 
سەبارەت بە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئیمارات لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێ دەکرێن.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات، پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان هەیە و پێشتریش چەندین جار لە ئەبووزەبی و دووبەی کۆبوونەتەوە، ئەم سەردانەش لەکاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت.