ئێران بەهەمان ستراتیژی سووریا یارمەتی عێراق دەدات

رووداو- هەولێر

یاریدەدەری سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، ئێران ئامادەیە یارمەتی عێراق بدات لە رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان بەهەمان ئەو هۆکارانەی ئێران شەڕی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای پێدەکات.

لە هەڤپەیڤینێكی تەلەفزیۆنیدا مەحسود جەزائری، یاریدەدەری سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، ئێران ئامادەیە یارمەتی عێراق بدات لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو چەکدارانە، وەڵامی ئێرانیش زۆر جددی و مکوڕ دەبێت لەمبارەیەوە ئەگەر عیراق رازی بێت.

جەزائری گوتیشی، ئێران بەرپرسانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەوان ئامادەن یارمەتی عێراق بدەن بەهەمان ئەو ستراتیژییە سەرکەوتووەی لە سووریا بەکارهات.

سەبارەت بە سووریاش جەزائری گوتی، ئێمە لەسەرەتاوە رامانگەیاند کە رازینابین ئەو تیرۆرستانەی سەر بە دەزگای هەواڵگری وڵاتانی بێگانەن حوکمی گەلی سووریا بکەن، هەمان ستراتیژیەتیش لە عێراق بەکاردێنین.