داعش چۆن "دەوڵەتەکەی" بەڕێوەدەبات؟
رووداو- هەولێر
لەدوای دەستگرتن بەسەر رووبەرێکی فراوان لە عێراق و سووریا، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش هەڕەمێکی بەڕێوەبردنی داڕشت کە بەپێی ئەو هەیکەلە دەوڵەتەکەی بەڕێوەدەبرێت.
لە لووتکەی هەڕەمەکەدا ئەبوبەکر بەغدادی " خەلیفەی" داعش دێت. بەغدادی لەگەڵ دوو جێگرەکەی و راوێژکارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکاری خەلافەتەکەن کە بە "ئەلئیمارە" ناسراوە.
جێگرەکانی بەغدادی بریتین لە ئەبو عەلی ئەلئەنباری و ئەبو موسلیم ئەلتورکمانی، ئەلئەنباری بەرپرسی سووریایە، ئەلتورکمانی بەرپرسی عێراقە و هەردووکیشیان خاوەنی پلەی سەربازی بوون لە سوپای پێشووی عێراقدا.
هەریەکە لە عێراق و سووریا لەلایەن دوو یەکەی ئیداری جیاوازەوە بەڕێوەدەبردێت.
دوو جێگرەکەی بەغدادی فەرمانەکان دەگەیەنن بە فەرمانڕەوای ویلایەتەکان و ئەوانیش دەیگەیەنن بە دەسەڵاتدارەکانی خوارەوەی خۆیان.
ئەنجوومەنی شورا بە دەزگای چاودێری شەرعی داعش دادەنرێت و راستەوخۆ راپۆرت دەنێرێت بۆ دەزگای جێبەجێکاری. ئەم ئەنجوومەنە بۆ ئەوە دانراوە تا هەموو بڕیارەکانی داعش بەگوێرەی تێگەیشتنی ئەو رێکخراوە بێت لە ئیسلام. ئەنجوومەنەکە لە 9 بۆ 11 کەس پێکدێت و لەلایەن ئەبو ئەرکان ئەلعامرییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
لەپاڵ ئەم ئەنجوومەنەدا، ئەنجوومەنی شەرعی، ئەنجوومەنی سەربازی و ئەنجوومەنی ئاسایش هەن کە بەرپرسن لە دروستکردنی بڕیارە گرنگەکانی داعش.
لەخوار ئەم ئەنجوومەنانەوە فەرمانڕەوای ویلایەتەکان دێن کە ئەوانیش خاوەنی ئەنجوومەنی هاوشێوەن و داعش چەند ئەنجوومەنێکی دیکەی دارایی و راگەیاندنیشی پێکهێناوە.
سەرچاوەی سەرەکی داهاتی داعش بریتیە لە بازرگانیکردن بە نەوت. داهاتەکانی نەوت داعشی کردووەتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین گرووپە تووندئاژۆکانی دونیا. زیاد لە 10 کێڵگەی نەوتی لەژێر دەستی داعشدان کە رۆژانە یەک ملیۆن بۆ ٢ ملیۆن دۆلار قازانجی لێدەکات.
کوژرانی ئەبو سەیاف، بەرپرسی دۆسییەی نەوتی داعش پەردەی لەسەر پێکهاتەی ئاڵۆزی داعش هەڵدایەوە. پۆست و دەسەڵاتەکانی نێو دەوڵەتەکەی داعش بەشێوەیەک رێکخراون کە لەکاتی کوژرانی بەرپرسەکەیدا کەسانی دیکە بتوانن جێگەی بگرنەوە. گوماندەکرێت حاجی بەکر، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی دەزگای هەواڵگری رژێمی سەدام حوسێن بەرپرس بێت لە داڕشتنی دامەزراوەیی داعش.
ئێستا بەشێکی پارێزگاکانی موسڵ، ئەنبار، دیالە و کەرکووک لە عێراق و رەقە، حەسەکە و حەلەب لە سووریا بەدەست داعشەوەن و ژمارەی دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەکەی بەغدادی بە 10ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێت.