"حكومەتی توركیا زۆرتر لە گرێبەستێكى لەگەڵ هەرێمی كوردستان واژوو كردووە"
رووداو-ئەنقەرە
هەرێمی كوردستان "زۆرتر لە گرێبەستێك"ی لەگەڵ كۆمپانیای دەوڵەتیی وزەی توركیا واژوو كردووە. سەرچاوەیەك لە حكومەتی توركیا بە (رووداو)ی راگەیاند، كە لەئەنجامی كۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردوو لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا و شاندی یاوەریان، 5 گرێبەست واژوو كراون و رێككەوتنێكی دیكەش بەجیا كراوە.
بەپێی لێدوانی سەرچاوەكەی رووداو، هەریەكە لە شاندی كوردستان و شاندی توركیا پێكهاتوون لەسەرئەوەی كە ئەو پارەیەی بەهۆی هەناردەكردنی نەوت و غازی سرووشتیی هەرێمی كوردستانەوە وەكو داهات دەست دەكەوێت، بخرێتە سەر حیسابێك كە بەبێ رەزامەندیی بەغدا و هەولێر و ئەنقەرە، هیچ پارەیەكی لێ نەیەتە دەرەوە. وەك ئەو سەرچاوەیە گوتی هیچ لایەك ناتوانێت بەتەنیا پارە لەو حیسابە بانكییە دەربهێنێت و واژووی هەرسێ لایەنی دەوێت.
گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیای وزەی توركی Turkish Energy Company واژوو كراون، كە كۆمپانیایەكی سەر بە دەوڵەتی توركیایە و یەكێكە لە شەریكەكانی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل-ی ئەمریكی، كە ئەویش لە كەرتی وزەی كوردستاندا وەبەرهێنانی كردووە. بەپێی ئەو گرێبەستانەش جگە لە هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا، لە 12 كێڵگەی تازەشدا لە كوردستان دەست دەكرێت بە گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت و گاز.
بڕیاروایە لە رۆژانی داهاتوودا نەوتی كوردستان بۆ یەكەمجار لەڕێگەی بۆڕییەكەوە كە راستەوخۆ لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی كوردستاندایە، لەڕێگەی توركیاوە بگاتە بازاڕەكانی جیهان. ئەو بۆڕییە دەبێتە تەواوكەری هێڵێكی دیكەی گواستنەوە، كە لە شاری كەركووك-ی باشووری كوردستانەوە نەوت دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهان-ی توركیا. بەپێی زانیارییەكانی رووداو لە قۆناخی یەكەمی هەناردەكردنی نەوت بە بۆڕییە كوردییەكەدا، رۆژانە 700 هەزار بەرمیل هەناردە دەكرێت و دواتر ئەو بڕە زیاد دەكرێت بۆ یەك ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.
دوایین داتاكانی نێوەندەكانی لێكۆڵینەوە لە وزە دەریدەخەن كە دەوڵەتی توركیا سێیەم وڵاتی جیهانە كە زۆرترین پێویستیی بە غازی سرووشتی هەیە. بەشێك لەو پێویستییەش ئێستا لە رووسیا دەكڕدرێت و بە نرخێكی گران لەسەر توركیا دەوەستێت.
سەرچاوەكەی حكومەتی توركیا بۆ (رووداو)ی ئاشكراكرد كە "دوای واژووكردنی گرێبەستەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە بواری وزەدا، كەرتی پیشەسازیی توركیا هەناسەیەكی دڵنیایی هەڵدەكێشێت و دڵنیایە لەوەی كە لەمەودوا لە هەرێمی كوردستانەوە غازی سرووشتیی بە نرخی هەرزانتر دەستدەكەوێت".
دەربارەی ئاگاداریی بەغدا لەو رێككەوتنە، تانەر یڵدز، وەزیری وزەی توركیا، رایگەیاندووە كە حكومەتی عێراق لەو نەوتەی لەڕێگەی بۆڕیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیاوە دەگوازرێتەوە ئاگادار دەكرێتەوە و میكانیزمێكی هاوبەشی بۆ دادەنێن.
بەڵام حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە، لە راگەیەندراوێكدا هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی بەبێ رەزامەندی بەغدا رەتكردەوە و گوتی "ئەمە پێشێلكردنی سەروەریی عێراقە و نابێ بێدەنگیی لێبكرێت".
هەروەها رۆژی 28/11/2013، جێن ساكی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و ئەنقەرە روونكردەوە و رایگەیاند: "ئەمریكا پشتیوانی لە هەناردەكردنی نەوتی هیچ بەشێكی عێراق ناكات، ئەگەر بێت و رەزامەندیی حكومەتی ناوەندی عێراقی لەسەر نەبێت".