گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بۆ رووداو: هەموو جیاکارییەک لەسەر بنەمای تائیفی رەتدەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێ، هەر جیاکارییەک لەسەر بنەمای تائیفییەت یان نەتەوەیی رەت دەکەنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رەتکردنەوەی دابەشکردنی سووریا یان رەتکردنەوەی پەیڕەوکردنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری و فیدراڵی، بە مانای قبووڵکردنی "سووکایەتیی رەگەزپەرستانە" نییە دژی هیچ پێکهاتەیەکی وڵاتەکە.
لە وەڵامی پرسیارێکی نالین حەسەن، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، نوورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند: "رەتکردنەوەمان بۆ دابەشکردنی سووریا یان خۆبەڕێوەبەری و فیدراڵی، هەرگیز بە واتای هیچ سووکایەتییەکی رەگەزپەرستانە دژی هیچ پێکهاتەیەکی سووریا نایەت."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا باسی لەوە کرد، "دەوڵەتی سووریا بە یەکسانی بەرامبەر یاسا سەیری هەموو هاووڵاتییانی دەکات و هەموو جیاکارییەکیش لەسەر بنەمای تائیفییەت یان نەتەوەیی رەتدەکاتەوە."
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، کورد و دروزەکان لە سووریا باس لەوە دەکەن، گرنگە سیستمی بەڕێوەبردنی سووریا گۆڕانی بەسەردا بێت و چی دیکە سیستمی ناوەندی جێبەجێ نەکرێ.