نێچیرڤان بارزانی و محەممەد بن زاید ئال نەهیان جەخت لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەبووزەبی لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان تاوتوێ کرد.
 
رۆژی پێنجشەممە، 30-04-2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئاماژەی بە دیدارەکەی لەگەڵ محەممەد بن زاید ئال نەهیان کرد و رایگەیاند: "بە دیداری برام خاوەنشکۆ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە ئەبووزەبی خۆشحاڵ بووم."
 
سەبارەت بە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، باسیان لە دۆخی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی ئیمارات کردووە. هەروەها هەردوولا بیروڕایان لەبارەی لێکەوتەکانی پەرەسەندنی رووداوەکانی ناوچەکە گۆڕیوەتەوە.

 

 
 
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، نێچیرڤان بارزانی و شێخ محەممەد بن زاید جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان کردووەتەوە، بە ئامانجی چەسپاندنی زیاتری سەقامگیری و ئاسایش لە تەواوی ناوچەکەدا.
 

 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوێنێ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەبووزەبی.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئیمارات لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پتەوکردنی ئاسۆکانی هاریکاریی نێوانیان لە هەموو بوارەکاندا، تاوتوێ کران، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی و گەشەپێدانی هەردوولا بگەیێنێت".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "هه‌ردوولا لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکان و لێکەوتە مەترسیدارەکانی دۆخی ناوچەکە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچه‌يی و نێودەوڵەتی، بیروڕایان گۆڕییەوە. له‌مباره‌يه‌وه‌ جەختیان لە گرنگیی کاری پێکەوەیی و بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەش کردەوە بۆ پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی مەترسییەکان".