میتحەت سانجار: ئۆجەلان رۆڵێکی گرنگی لە رێککەوتنەکەی حکومەتی سووریا و هەسەدە هەبوو
رووداو دیجیتاڵ
میتحەت سانجار بۆچوونی خۆی لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق خستەڕوو و رایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان رۆڵێکی گرنگی لە دروستکردنی زەمینەی دیالۆگ و دانوستاندندا هەبووە.
سانجار، لە (کۆنفرانسی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی) کە رۆژی شەممە 3-1-2026 لەلایەن جەهەپە رێکخرابوو، وەڵامی چەند پرسیارێکی تایبەت بە تەوەرەکانی رۆژەڤ دایەوە.
لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق گوتی: "رێککەوتن بۆ ئەوەی ئاگربەست لە کاتیی دەربچێت و ببێتە هەمیشەیی، گرنگە. ئەم جۆرە رێککەوتنانە بە سازان دەکرێن. سازانیش بە سازشی لایەنەکان بۆ یەکدی دەبێت. دۆخێک کە تێیدا تەنیا داواکارییەکانی لایەنێک بسەپێندرێت، پێی ناگوترێت سازان."
'ئۆجەلان لەم پرۆسەیەدا یەکێکە لە کارەکتەرە بنەڕەتییەکان'
سانجار جەختی لە رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە سازانی نێوان هەسەدە و دیمەشق کردەوە و گوتی: "لەو خاڵەی کە سووریا پێیگەیشتووە، سازانێک هەیە کە رێگری لە قووڵبوونەوەی شەڕ دەکات و لەم پرۆسەیەدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان رۆڵێکی جیدی هەبوو. هەوڵێکی زۆری دا بۆ ئەوەی لە رێگەی دیالۆگ و دانوستاندنەوە رێگەچارەیەک بدۆزرێتەوە".
سانجار راشیگەیاند، هێزی چارەسەر و کاریگەرییە پراکتیکییەکانی ئۆجەلان زانراون. "ئۆجەلان لەم پرۆسەیەدا زۆر گرنگە، تەنانەت یەکێکە لە کارەکتەرە بنەڕەتییەکان. کاریگەریی ئەو لە چارەسەری کێشەکانی سووریاشدا یەکجار گرنگە."
سانجار ئاماژەی بەوە کرد، رەنگە لایەنە جیاوازەکان تێبینییان لەسەر دەقی رێککەوتنەکە هەبێت، بەڵام گوتی: ئەو زەوینەیەی بۆ گواستنەوە لە شەڕەوە بۆ دانوستاندن دروستبووە، پڕبایەخە".
ئەو ئەندامەی شاندی ئیمراڵی هەروەها گوتی: "هەڵسەنگاندنی ئەم دەقە بە زمانی 'کێ بردییەوە و کێ دۆڕاندی' سوودی بۆ کەس نییە. لەو کێشانەی کە برینی هێندە قووڵیان دروست کردووە، چەمکەکانی سەرکەوتن و شکست لە بنەڕەتدا هەڵەن."
'لە سەنگەرەوە بۆ سەر مێز'
سانجار گرنگیی پرۆسەکەی بە "گواستنەوەیەک لە چەکەوە بۆ قسەکردن و لە سەنگەرەوە بۆ سەر مێز" ناوزەد کرد و گوتی، پێویستە بە جیدی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسەی داهاتوو بە مافەکانی کورد، ئاسایشی گەلانی دیکە و چۆنیەتیی چەسپاندنی ئارامیی هەمیشەیی لە سووریا دیاری دەکرێت، ئەوەش تەنیا بە گفتوگۆ و دانوستاندن دەبێت.
'دڵشکان و نەمانی متمانە هەیە، بەڵام دەکرێت چاک بکرێنەوە'
سەبارەت بەو لێدوانە سیاسییانەی لە تورکیا دەدرێن و باسی نەمانی متمانە لەلایەن کوردەوە، سانجار گوتی، زمانی شەڕ و گوتاری رق و کینە برین دروست دەکات.
گوتیشی: "بەڵێ، دڵشکان و نەمانی متمانە هەیە، بەڵام ئەمانە شتێک نین کە چاک نەکرێنەوە. رێگەی چاککردنەوەیان ئەوەیە کە بەرەو ئاشتی و پرۆسەی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات هەنگاوی باش بنرێت".
هەروەها جەختی کردەوە کە میدیا و کەسایەتییە سیاسییەکان لەم پرۆسەیەدا بەرپرسیارێتیی تایبەتییان لەسەر شانە.
لەبارەی سەردانی ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ ئەردۆغان
سانجار لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سەردانەکانی ئیمراڵی گوتی، ئەو سەردانانە بە تێکڕا مانگی جارێک سازدەکرێن و لە کاتی پێویستدا دەکرێ زیاتریش بن، بەڵام بۆ هەفتەی داهاتوو هیچ پلانێکی سەردانی نییە. دەربارەی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان، سانجار رایگەیاند کە ئەو بابەتە لە کارنامەیاندایە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی داوای کاتی چاوپێکەوتنیان نەکردووە.
هەسەدە لەگەڵ حکومەتى سووریا رێککەوت کە چوار لیواى لە نێو سوپادا هەبێت و هێزەکانیان لە هێڵى بەریەککەوتنى نێوانیان بکشێننەوە و دامەزراوە کارگێڕییەکان تێکەڵ بکرێن و گەرەنتى گەڕانەوەى ئاوارەکان بکرێت.
دوای ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان، رۆژی 30ی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ناوەڕۆکی رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی سووریا بڵاوکردەوە.