یەمەن.. فڕۆکەکانی هاوپەیمانان چەکدارانی حوسی بۆردووماندەکەن

رووداو- ئاژانسەکان

فڕۆکەکانی هاوپەیمانێتی عەرەبی بنکەو بارەگاکانی چەکدارانی حوسی و هێزەکانی سەربە سەرۆکی پیشووی یەمەن-یان لە هەردوو شاری سەنعا و تەعز بەچڕی بۆردوومانکردووە.سەرچاوە سەربازییەکانیش باس لە کوژرانی چەندین هاووڵاتی یەمەن-ی دەکەن لەلایەن حوسییەکانەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٣١ی ئایاری ٢٠١٥، سەرچاوەیەکی سەربازی لە سوپای یەمەن رایگەیاند:" فڕۆکەکانی هاوپەیمانێتی عەرەبی لەهەردوو شاری سەنعاو تەعز بەچڕی بنکەو بارەگاکانی چەکدارانی حوسی-یان بۆردوومانکردووە، بەوهۆیەشەوە چەکدارانی حوسی و هێزە چەکدارەکانی سەربە عەلی عەبدوڵـڵا ساڵح سەرۆکی پێشووی یەمەن، زیانی زۆریان بەرکەوتووە".

بە پێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە سەربازییەی سوپای یەمەن، چەکدارە حوسییەکان لە شاری تەعز، دەستیانکردووە بە دەستڕێژی گوللە لە دانیشتووانی شارەکە و" چەندین کەسی مەدەنیی دانیشتووی شاری تەعز بە گوللەی چەکدارانی حوسی کوژراون و برینداربوون".