ژمارەی کوژراوانی شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل لە 10 هەزار کەس نزیکدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی شەڕی نێوان بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل تائێستا 9 هەزار و 782 کەس لە هەردوولا کوژراون، زیاتر لە 21 هەزار کەسیش بریندار بوون، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە غەززە دەڵێت: "نەخۆشخانەکان توانایان نەماوە و کارەساتی مرۆیی بەڕێوەیە."
 
شەوی دووشەممە، 30-10-2023، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین نوێترین ئاماری لەبارەی زیان و قوربانیانی شەڕ لە 23 رۆژی رابردوو بڵاوکردەوە، کە بەمشێوەیەیە:
 
- کوژراوان: 8 هەزار و 382 کەس
- کەرتی غەززە: 8 هەزار و 260 کەس
- کەناری رۆژئاوا: 122 کەس 
 
- برینداران: 23 هەزار و 50 کەس
- کەرتی غەززە: 21 هەزار کەس
- کەناری رۆژئاوا: دوو هەزار و 50 کەس 
 
- پێشێلکارییەکانی سەر کەرتی تەندروستی: 270
- 73٪ـی کوژراوان ژن و منداڵ و بەتەمەنن.
- ژمارەی یەکە نیشتەجێبووە رووخاوەکان: 177 هەزار و 781 
- ٪45ـی یەکەکان بەتەواوەتی رووخاون.
- 33 هەزار و 960 یەکەی نیشتەجێبوون بەتەواوەتی رووخاون.
- 150 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەشێکیان رووخاون.
- 12 نەخۆشخانە و 46 بنکەی تەندروستی بەهۆی بۆردومانکردن یان نەبوونی سووتەمەنییەوە لەکارکەوتوون.
- 7 کەنیسە و 11 مزگەوت زیانیان بەرکەوتووە
- 188 هێرش کراوەتە سەر کەرتی تەندروستی.
- 99 ئەمبوڵانس زیانیان بەرکەوتووە.
- نزیکەی یەک ملیۆن و 400 هەزار کەس لەنێوخۆی غەززە ئاوارەبوون.
- نزیکەی 629 هەزار کەس لە 150 پەناگە دەژین.
- زیانەکانی کەرتی تەندروستی:
- 124 کوژراو لە کارمەندانی تەندروستی
- زیاتر لە 100 بریندار
- 50 ئەمبوڵانس زیانیان بەرکەوتووە، 25یان بەتەواوەتی کارناکەن.
- لەکۆی 35 نەخۆشخانەی غەززە، 12یان کارناکەن، لە کۆی 72 بنکەی تەندروستی 46یان کارناکەن.
- بەهۆی هێرشەکانەوە رۆژانە هێندەی یەک مانگی پێش هێرشەکان کەرەستەی تەندروستی بەکاردەهێندرێت.
- قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکان 117٪ پڕبوون.
- توانای تیمی پزیشکی 30٪ـی پێویستییە و پێداویستی پڕناکاتەوە.
 
د. ئەشرەف ئەلقەدرە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، شەوی دووشەممە، 30-10-2023، رایگەیاند: "نزیکەی دوو هەزار کەس لەژێر داروپەردووەکاندا ماون، بۆیە ئاماری شەهیدان زیاتر دەبێت، بەهۆی نەمانی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی کارەسات بەڕێوەیە، بۆیە گرنگە دەروازەی رەفەح لەگەڵ میسر بەتەواوەتی بکرێتەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات و بەشێوەی خێرا و زۆر یارمەتییەکان و پێداویستی و کەرستەی پزیشکی بگاتە نێو غەززە و نەخۆشخانەکانی."
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیل لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو ئەمڕۆ 1400 ئیسرائیلی کوژراون و 5 هەزار و 431 کەس برینداربوون، 239 کەسیش بە بارمتە گیراون.
 
لە 7ی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشیکردە سەر ناوچەکانی سنووری غەززە، کۆمەڵێک وڵات نێوەندگیری دەکەن بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل و تائێستا حەماس بەبێ مەرج 4 دیلی ئازادکردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە نزیکەی 50 بارمتەی ئیسرائیل لە ئاکامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کوژراون.