لە چەند شارێکی ئێران خۆپێشاندان کرا و گرژی لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە چەند شارێكی ئێران خۆپێشاندان و مانگرتن بەڕێوەدەچێ و لە سێ شاری پارێزگاکانی ئیسفەهان و چوارمەحاڵ و بەختیاری، گرژی لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویدا و هەواڵی کوژرانی سێ کەس لە خۆپێشاندەران بڵاوبووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە لە شارەکانی مەرڤدەشت و فولادشەهری پارێزگای ئیسفەهان، و هەروەها لە شاری لۆردگان لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، خۆپێشاندان کرا و بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران گازی فرمێسکڕێژ بەکاردەهێنن و تەقە لە خۆپێشاندەران دەکەن؛ هەروەها خۆپێشاندەرانیش رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانە نافەرمییانەی تاوەکو ئێستا بڵاوکراونەتەوە، لە شاری لۆردگان دوو گەنجی 21 و 28 ساڵ و لە فولادشەهریش کەسێک بە ناوی داریوش ئەنساری بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون، بەڵام تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانیان بە فەرمی رانەگەیێندراوە.
لە تارانیش دوای ئەوەی محەممەدسادق موعتەمدیان، پارێزگاری تاران گوتی، بە هاوکاری پۆلیس ناڕەزایەتیی کاسبکارانیان کۆنترۆڵ کردووە، رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە لە بازاڕی میوە و سەوزەی شاری تاران خۆپێشاندان بەڕێوەچوو.
هەروەها بەشێک لە دووکان و بازاڕەکانی پایتەختی ئێران رۆژی پێنجشەممە داخران. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین ڤیدیۆ بڵاوکراونەتەوە لەبارەی بەڕێوەچوونی مانگرتن لە شاری ئیسفەهانیش و دەگوترێ، کاسبکاران بە نیشانەی ناڕەزایی مانیان گرتووە و دووکانەکانیان داخستووە.