موجتەبا خامنەیی داوا لە ئێرانییەکان دەکات نەمام بچێنن
رووداو دیجیتاڵ
موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بەبۆنەی رۆژی کۆماری ئیسلامی و رۆژی سرووشت، داوا لە هاووڵاتیانی ئێران دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی "هێرشی دوژمنان"، دەست بە چاندنی نەمام بکەن و ژینگەی وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە.
موجتەبا خامنەیی لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوژمنانی ئەمریکی و سەهیۆنی لە دڕندایەتییەکانیاندا "هیچ سنوورێکی مرۆیی و ئەخڵاقییان نەهێشتووەتەوە" و تەنانەت زیانیان بە ژینگەی ئێرانیش گەیاندووە، بۆیە هەر هەوڵێک لە پێناو ئاوەدانی و دروستکردنی داهاتوویەکی گەش، بە کارێکی "شایستە و پێویست" ناودەبات.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پێویستە تاکی خەڵک لە هەموو شار و گوندەکاندا، بە هاوکاریی یەکدی و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکان، لە رۆژی سرووشتەوە تاوەکو کۆتایی وەرزی بەهار، بەتایبەت لە مانگی خاکەلێوەدا، دەست بکەن بە چاندنی "دارە بەردارەکان" و چاودێریکردنیان.
موجتەبا خامنەیی باسی لەوەش کردووە کە "دێوەزمە منداڵکوژە ئەمریکی و سەهیۆنییەکان"، نەمامەکانی قوتابخانەیەکیان بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کردووە، بەڵام گەلی ئێران بە نییەتی شەهیدان، بەتایبەت "شەهیدانی جەنگی سێیەمی سەپێندراو"، لە سەرانسەری وڵاتدا نەمامی ئومێد دەچێنن تاوەکو لە ساڵانی داهاتوودا ببێتە دارێکی پڕ بەرهەم.