قالیباف: بە چەکەوە و بە سەربەرزی وەستاوین، فەرموون ئەوە مەیدان
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکی تووند دا هۆشداریی دەداتە نەیارانی وڵاتەکەی و رایدەگەیەنێت، ئێرانییەکان ئامادەن بۆ پاراستنی خاکەکەیان خوێن ببەخشن و دەڵێت: "هەرکەسێک بیەوێت بێتە سەر ماڵەکەمان، رووبەڕووی تەواوی خێزانەکەمان دەبێتەوە."
محەممەد باقر قالیباف، لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسینێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بە مێژووی خۆی و خێزانەکەی کرد لە بەرگریکردن لە ئێران. قالیباف دەڵێت: "کاتێک تەمەنم 18 ساڵ بوو، چەکم هەڵگرت و بۆ بەرگریکردن لە خاکی ئێرانی خۆشەویست رامکردە ناو بەرەکانی جەنگ."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باس لە چیرۆکی لەدەستدانی براکەی دەکات و دەڵێت: "حەسەنی برام لە هەمان جەنگدا هەموو شتێکی خۆی فیدای نیشتمان کرد و هەرگیز نەگەڕایەوە. تاوەکو ئێستاش ئازاری لەدەستدانی و حەزی باوەشکردن پێیەوە لە ناخمدا ماوە و ئەو ئازارە هەرگیز پیاو جێناهێڵێت."
قالیباف لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئێرانییەکان شەڕخواز نین، بەڵام کاتێک مهترسی بکەوێتە سەر خاکەکەیان، هەموویان دەبنە سەرباز. ئەو دەڵێت: "ئێمە هەموو شتێکمان پێشکەش بەو خاکە کردووە کە خۆشمان دەوێت، گەنجی، خوێن و داهاتوومان."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسی لە هەڵمەتێکی نیشتمانی نوێ کرد و رایگەیاند: "لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، هەڵمەتێکی نیشتمانی گەورە لە سەرانسەری وڵات دەستیپێکردووە و تێیدا نزیکەی 7 ملیۆن ئێرانی ناوی خۆیان تۆمار کردووە و ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ هەڵگرتنی چەک و وەستانەوە لە پێناو بەرگریی لە نیشتمان."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، قالیباف بە زمانێکی تووند روو لە نەیارانی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت: "ئێرانییەکان تەنیا قسە لەسەر بەرگریکردن ناکەن، بەڵکو خوێنی بۆ دەڕێژن. پێشتریش ئەوەمان کردووە و ئێستاش ئامادەین دووبارەی بکەینەوە. ئەگەر بۆ سەر ماڵەکەمان بێن، رووبەڕووی تەواوی خێزانەکەمان دەبنەوە، بە چەکەوە و بە سەربەرزی وەستاوین، فەرموون ئەوە مەیدان."