سوپای پاسداران: لە بەحرێن هێرشمان کردە سەر ناوەندێکی کۆمپانیای ئەمازۆن


رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی قۆناخی سێیەمی "شەپۆلی 90ـی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راست 4"، چەندین پێگەی سەربازی و تەکنەلۆژیی ئەمریکا و ئیسرائیلیان لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج، لە نێویاندا ناوەندێکی گەورەی کۆمپانیای ئەمازۆن لە بەحرێن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوژمنی ئەمریکی - سەهیۆنی کە لە بەرەکانی جەنگدا شکستی هێناوە و کەشتییە جەنگییەکانی ناوێرن لە هەزار کیلۆمەتریی گەرووی هورمز نزیک ببنەوە، پەنایان بۆ تیرۆرکردنی بەرپرسان و خێزانەکانیان بردووە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە حەوت بنکەی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کراونەتە ئامانج .
 
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، بۆ یەکەمجار هێرشیان کردووەتە سەر کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان کە بە "سیخوڕ و هاوکار لە تیرۆرەکاندا" ناویان دەبات و دەڵێت، ناوەندی کۆمپیوتەریی (Cloud)ـی کۆمپانیای ئەمازۆن لە بەحرێن کردووەتە ئامانج .
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەمە یەکەم هۆشداریی کردەیی بوو بۆ دوژمن. ئەگەر تیرۆر بەردەوام بێت، ئەو کۆمپانیا تەکنەلۆژی و زیرەکییە دەستکردانەی دیکەش کە پێشتر ناومان بردوون، زۆر بە تووندتر سزا دەدرێن و بەرپرسیارێتی لەنێوچوونی تەواوەتییان لە ناوچەکەدا لە ئەستۆی سەرۆکی ئەمریکایە."
 
سوپای پاسداران دەڵێت: ئەم شەپۆلی هێرشانە بەردەوام دەبێت و ئامانج لێی "پێدانی وانەیەکی تووندە بە بازاڕی پشکەکان و بازاڕی نەوتی جیهانی."