پار تورکیا 25 تۆن گۆشتی بەرازی هەناردە کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی هەناردەکارانی بەرهەمی ئاویی و ئاژەڵ لە تورکیا، پار بەراورد بە پێرار هەناردەی گۆشتی بەراز 700٪ زیادی کردووە.
تورکیا لەلایەک هەناردەکردنی هەندێک بەرهەم سنووردار دەکات بۆ ئەوەی هاوسەنگی هەڵاوسانی ناوخۆ بپارێزێت، لەلایەکی دیکەوە ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات لە هەناردەکردنی هەندێک بەرهەم کە لەو وڵاتەدا بەکارناهێنرێن یان خواستێکی زۆریان لە دەرەوە لەسەرە.
بەپێی ئەو ئامارانەی کۆمەڵەی هەناردەکارانی بەرهەمی ئاویی و ئاژەڵ بڵاویکردوونەتەوە، پار لە تورکیا زیاتر لە 25 تۆن گۆشتی بەراز هەناردە کراوە.
سەرجەم ئەو گۆشتە هەناردەی ئەلبانیا کراوە و بەهاکەشی 54.6 هەزار دۆلار بووە.
بە گوێرەی ئاماری کۆمەڵەکە ساڵی 2023 تەنیا سێ تۆن گۆشت هەناردە کراوە، کە بەهاکەی 6.8 هەزار دۆلار بووە، بەڵام پار بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بەراورد بە 2023 لە رووی کێشەوە 714٪ و لە رووی بەهاشەوە 700٪ زیادیکردووە.