سوپای پاسداران: لە خۆپێشاندانی ئەمڕۆی مەلەکشا پێکدادان روویداوە
رووداو دیجیتاڵ
خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن؛ لە مەلەکشایی و هەمەدان کوژراو و بریندار هەن.
ئەمڕۆش لە چەند شارێکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن. لە شاری مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام ئاڵۆزی دروست بووە و کوژراو و بریندار هەن.
دیمەنی کاتی کوژرانی دوو کەس بڵاوکراونەتەوە و بەگوێرەی سەرچاوە نافەرمییەکان، لەو ئاڵۆزییانەی مەلەکشاییدا چوار کەس بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، بەڵام میدیای سوپای پاسداران پشتڕاستی کردووەتە کە پێکدادان روویداوە و لەبارەی ژمارەی قوربانییان زانیاری نەخستووەتەڕوو.
هاوکات لە شارەکانی شیراز و کازرون خۆپێشاندان بەڕێوەدەچێت و لە شیراز ئاڵۆزی دروستبووە، میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت: کەسێک کوژراوە.
هەروەها باس لەوە دەکرێت بەشێک لە بازاڕەکانی تاران داخراون. دیمەنی خۆپێشاندان لە شارەکانی شیراز، کازرون و مەلەکشایی سەر بە ئیلام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە نافەرمییەکان رایانگەیاندووە، لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی شاری هەمەداندا، گەنجێکی تەمەن 30 ساڵ بە ناوی (ئەمیر حوسێن بەیاتی) کوژراوە.