ئێران لەژێر ئاگردا؛ وردەکاریی هێرشە چڕەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ماوەی 12 کاژێردا

 
رووداو دیجیتاڵ 

شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و ناوەندە سەربازی، ئەمنی و مووشەکییەکانی ئێران لە چەندین شار، لەوانە تاران، کەرەج، ئیسفەهان، قوم، شیراز، شارۆچکەی پیشەسازیی بەندەر عەباس و بووشێهر بەردەوام بوون و دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستران.
 
بەپێی میدیا نێوخۆییەکان، دەنگی بۆردوومان و تەقینەوەی بەهێز لە ناوەند، باشوور و رۆژهەڵاتی تارانی پایتەخت دەبیسترا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین ڤیدیۆی ئەو تەقینەوانە بڵاوکراونەتەوە. هەروەها لە ناوچەکانی شاری رێی و عەزیمییەی کەرەجیش دەنگی چەندین تەقینەوە بیستراوە و ناو چیاکانی کەرەج کراونەتە ئامانج. 
 
ناوەندی دەنگ و رەنگی ئێران
 
شەوی رابردوو دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لە نزیک ناوەندی دەنگ و رەنگی ئێران لە تاران بیسترا. 
 
کەناڵی (خەبەر)ی ئێران بڵاوی کردەوە، شەوی رابردوو ئەمریکا و ئیسرائیل، دەوروبەری ناوەندی دەنگ و رەنگیان لە تاران کردووەتە ئامانج و دووکەڵێکی زۆریشی لێ بەرزبووەتەوە، بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی ناوەندەکە، پەخشیان بەردەوامە و هیچ گرفتێک دروست نەبووە. تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەش پەخشی کەناڵەکانی ئێران بەردەوامە. سوپای ئیسرائیلیش لە تۆڕی ئیکس بە ئامانجگرتنی ناوەندی دەنگ و رەنگی ئێرانی لە تاران پشتڕاستکردەوە. 
 
باڵەخانەی کۆنی پەرلەمانی ئێران کرایە ئامانج 
 
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسداران و فارس نیوز بڵاویان کردەوە، شەوی رابردوو ئەمریکا و ئیسرائیل یەکێک لە بەهێزترین هێرشەکانیان لە تاران کردووە و چەند ناوچەیەکیان لە شەقامی وەلیعەسر، جامی، پەردیس، دەورووبەری باڵەخانەی کۆنی پەرلەمان و چەند شوێنیکی دیکە لە رۆژهەڵاتی تاران کراوەتە ئامانج.
 
 بەپێی ئەو دوو میدیایە، باڵەخانەی کۆنی پەرلەمانیش هێرشی کراوەتە سەر، بەڵام باڵەخانەی سەرەکی پەرلەمان لە ناوچەی بەهارستان نەکراوەتە ئامانج. هەروەها بەپێی میدیای ئێران، باڵەخانەی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە تارانیش بۆردوومان کراوە. چەند ڤیدیۆیەکی بۆردوومانیش بڵاو کراونەتەوە و دەگوترێت بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بنکەی هێزی ئاسمانی "فەتح" سەر بە سوپای پاسداران لە مشکین شار سەر بە پارێزگای ئەلبورز (کەرەج) کراوەتە ئامانج.
 
لە بووشێهر 5 ئەندامی سوپا کوژران
 
بەپێی میدیاکانی ئێران، هێرشەکانی شەوی رابردوو لە شارەکانی دیر و جەم لە بووشێهر لە باشووری ئێران زۆر چڕ بوون و بەپێی ئاماری فەرمی، 5 ئەندامی هێزی ئاسمانی و دەریایی سوپای پاسداران کوژراون. 
 
هەر بەپێی میدیاکانی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە شارەکانی قوم، ئیسفەهان و شاری خومەین شار لە پارێزگای مەرکەزی بیستراون، بەڵام هێشتا شوێن و زیانەکانیان رانەگەیەندراوە.
 
پێشتر هەواڵی هێرش بۆ سەر هێڵی بۆری نەوتی خوزستان بڵاوببووەوە، بەڵام پەیوەندییە گشتییەکانی خوزستان ئەو هەواڵەی رەتکردەوە. تائێستا جگە لە راگەیاندنی ئاماری کوژرانی ئەو 5 ئەندامەی سوپای پاسدارن لە بووشێهر ئامارێکی فەرمی لە ژمارەی کوژراوان و بریندارانی هێرشەکانی شەوی رابردوو بڵاو نەکراوەتەوە.
 
لە کرمان 13 سەرباز کوژران
 
قەرارگەی ناوچەی باشووری رۆژهەڵاتی سوپای ئێران رایگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر بنکەی سێیەمی جەنگیی فڕۆکەوانیی سوپا (هەوانیرۆز) لە شاری کرمان، 13 کارمەندی ئەو بنکەیە کوژراون.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، هێرشەکە لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەدا کراوە و تێیدا کۆمەڵێک لە ئەفسەر و کارمەندانی کوژراون.
 
ناوی کوژراوەکان: غوڵامعەلی تەهماسەبی، حوجەتولئیسلام ئەکبەر قوربانیزادە، موبین مەهدەوی، رەزا سەلاجەقە، غوڵامحوسێن رەحیمی، یاسر شاهدادی، ئەکبەر ئاریانپوور، موحسین نەقەوی، مەهدی عالی، عەلی ئیبراهیمی، محەممەد وسووقیڕاد، عەلی ئارادمەنش (جەهری) و عەلی زارع.
 
لە مازەندەرانی 18 کەس کوژران
 
پارێزگاری مازەندەرانی ئێران رایگەیاند، 18 کەسی خەڵکی ئەو پارێزگایە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون کە لە دەرەوەی سنوورەکانی پارێزگاکە سەرقاڵی "بەرگریکردن بوون لە کۆماری ئیسلامی."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگاری مازەندەران، ئەو کەسانە "گەیشتوونەتە پلەی شەهادەت" و پێکهاتوون لە 17 پیاو و یەک ژن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو کەسانە خەڵکی 11 شارۆچکەی جیاوازی پارێزگاکەن، کە بریتین لە: ئامۆل، بابۆل، قائیمشەهر، سەوادکوو، جۆیبار، سارێ، میاندووروود، نەکا، بێهێشەهر، نۆشەهر و چالوس.
 
سوپای پاسداران چی دەڵێت؟
 
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانیان بۆ سەر بنکە و ناوەندەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بەردەوامە، هەر ئەمڕۆ سێشەممە، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی نوێیان دەستپێکردووە و بنکەی ئاسمانی ئەمریکا لە ناوچەی شێخ عیسای بەحرێنیان بە "مووشەک و درۆن" کردووەتە ئامانج وناوەندی سەرەکی فەرماندەییان تێکشکاندووە.
 
عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، لە دوو رۆژی یەکەمی جەنگدا 650 سەربازی ئەمریکا کوژراون و بریندار بوونە و ئەمریکا ئامارەکان دەشارێتەوە. بەجۆرێک تەنیا لە هێرشێک بۆ سەر ناوەندی سەربازیی ئەمریکا لە بەحرێن، 160 سەربازی ئەمریکا کوژراون و بریندار بوونە.
 
لە شەوی رابردوو تاوەکو ئێستا لە دیارترین بەرپرسانی ئێران کە لەسەر بەردەوامی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران قسەی کردبێت، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بووە.
 
عێراقچی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاندووە، "ئەمریکا بە نوێنەرایەتی ئیسرائیل هاتووەتە نێو ئەم جەنگەوە".
 
عێراقچی روو بە خەڵکی ئەمریکا گوتویەتی، "خەڵکی ئەمریکا شایانی دۆخێکی باشترن و دەبێت وڵاتەکەی خۆیان وەربگرنەوە". 
 
دیاریکردنی رێبەری نوێی ئێران
 
مژارەکان لەسەر دیاریکردنی رێبەری نوێ لە ئێران گەرمە. پێشترێش ئەنجوومەنی کاتی رێبەری لە ئێران رایگەیاندبوو، بەم زووانە رێبەری نوێ بۆ جێگرەوەی عەلی خامنەیی دیاری دەکەن. 
 
بەپێی دەستووری ئێران دیاری کردنی رێبەر، ئەرکی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرییە کە 88 ئەندامی هەیە. 
 
ئایەتوڵڵا عەلی موعەلمی، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری رایگەیاندووە، دیاریکردنی رێبەری نوێ زۆر ناخایەنێت و بەپێی پێوەرە ئایینیەکان دەبێت و هیچ رەوتێکی سیاسی و حیزبی لەم بوارەوە دەستیوەردانی نابێت، بەڵام ئاماژەی بە بەربژێر یان بەربژێران بۆ ئەو پۆستە و کاتی دەستنیشانکردنی رێبەر نەداوە.