ئێران هەناردەکردنی سەرجەم بەرهەمە خۆراکی و کشتوکاڵییەکانی قەدەخە کرد


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بەردەوامیی بارودۆخی جەنگ و بۆ دابینکردنی پێداویستیی بازاڕەکانی نێوخۆ، حکومەتی ئێران بڕیاری دا هەناردەکردنی سەرجەم بەرهەمە خۆراکی و کشتوکاڵییەکان بۆ دەرەوەی وڵات قەدەخە بکات.
 
بەگوێرەی بڕیارێکی نوێی حکومەتی ئێران کە لە میدیا فەرمییەکانی ئەو وڵاتەدا بڵاوکراوەتەوە، لەمەودوا لەپێناو پاراستنی ئاسایشی خۆراک و دابینکردنی کاڵا بنەڕەتییەکان، رێگری لە هەناردەکردنی هەموو جۆرە بەرهەمێکی کشتوکاڵی دەکرێت بۆ ئەوەی پێداویستیی سەرەکیی هاووڵاتییان لەم بارودۆخەدا دابین بکرێت.
 
لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، بەهۆی بارودۆخی ئێستای وڵاتەوە، دابینکردنی خۆراک و کاڵا بۆ بازاڕەکانی نێوخۆ لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە، هەربۆیە بڕیاری قەدەخەکردنی هەناردەکردنەکە تاوەکو کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.
 
ئەم بڕیارەی تاران لەکاتێکدایە، بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان و هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ئەو وڵاتە، مەترسیی کەمبوونەوەی کاڵا و شتومەک لە بازاڕەکاندا دروستبووە و نرخەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە.