ئێران: فڕۆکەیەکی دیکەی ئەمریکامان خستەخوارەوە و کەوتە نێو ئاوی کەنداوی فارس
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێران دەڵێ، هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی فڕۆکەیەکی دیکەی ئەمریکایان خستووەتە خوارەوە کە کەوتووەتە نێو ئاوی کەنداوەوە.
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای خاتەمولەئەنبیای ئێران، ئەمشەو 3-4-2026 لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەمڕۆ سوپای وڵاتەکەی "فڕۆکەیەکی جەنگیی پێشکەوتووی دووژمن"ی لە باشووری دوورگەی قشم لەنێوان دوورگەکانی هەنگام و قشم پێکا و فڕۆکەکە کەوتە نێو ئاوی کەنداوەوە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکیش بڵاویکردەوە، دوو بەرپرسی ئەمریکی رایانگەیاندووە کە رۆژی هەینی ئەو فڕۆکەیە تێكشکاوە و کەوتووەتە نێو ئاوی کەنداو.
بەرپرسەکان بە رۆژنامەکەیان گوتوە، فڕۆکەکە لە جۆری ئەی تێن وۆرتهۆک بووە و لە نزیک تەنگەی هورمز خراوەتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکە رزگار کراوە.
رۆژی هەینی، میدیای کۆماری ئیسلامیی ئێران خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی لە ئاسمانی وڵاتەکەی راگەیاند و دواتریش بەرپرسانی ئەمریکی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەیان پشتڕاستکردەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی یەکەمیش، هەڵمەتێکی گەڕان بە شوێن ستافی فڕۆکەکەدا دەستی پێکرد و ئێوارەی هەینی میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، یەکێکیان دۆزراوەتەوە و رزگارکراوە، بەڵام چارەنووسی ئەوی دیکەیان دیار نییە.