ئێران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران لە وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانەکانی وڵاتەکەیان، وەڵامێکی "کوشندە و فراوانتر"ی بۆ ئەمریکا، ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەش دەبێت کە میوانداریی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن.
 
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران راگەیێندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و هۆشداری دەدات: "ئەگەر ئەمریکا هەڕەشەکانی بۆ تێکدانی پردەکان، وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران جێبەجێ بکات، هێزە چەکدارەکانی ئێران بە تووندی وەڵام دەدەنەوە."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئامانجەکانی ئێران تەنیا سنووردار نابن بە ئیسرائیل، بەڵکو "سەرجەم دارایی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کەرتەکانی سووتەمەنی، وزە، ناوەندە ئابوورییەکان و وێستگەکانی کارەبا" لەناوچەکە دەکرێنە ئامانج.
 
گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا پەیامێکیش ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە دەکات و دەڵێت: "ئەو وڵاتانەی میوانداری بنکە سەربازییەکانی ئەمریکان، ئەگەر دەیانەوێت زیانیان بەرنەکەوێت، دەبێت ئەمریکییەکان ناچار بکەن لە وڵاتەکانیان بچنە دەرەوە."
 
زولفەقاری جەختدەکاتەوە کە لە ئەگەری هەر سەرکێشییەکی ئەمریکادا، هێرشەکانیان "زۆر تووندتر و فراوانتر" دەبن و سەرمایەی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکاش پارێزراو نابێت.