ئێران فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکای خستە خوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا و میدیا فەرمییەکانی ئێران رۆژی هەینی (03-04-2026) رایانگەیاند، ئێران فڕۆکەیەکی جەنگیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە ئاسمانی وڵاتەکە خستووەتە خوارەوە.
تاوەکو ئێستا چارەنووسی تیمی نێو فڕۆکەکە نادیارە. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، واشنتن بەپەلە خەریکی رێکخستنی ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و رزگارکردنە، تاوەکو پێش ئەوەی ئێران دەستی بەو کەسانە بگات کە لە رووداوەکە رزگاریان بووە، بیاندۆزێتەوە.
هاوکات، بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ ئاژانسی رۆیتەرزی پشتڕاستکردووەتەوە کە فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکا لە ئاسمانی ئێران خراوەتە خوارەوە. بەڵام زانیاریی زیاتری لەبارەیەوە نەدرکاندووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) چەند یەکەیەکی تایبەتی بۆ ئەم جۆرە رووداوانە لە عێراق و سووریا ئامادە کردووە، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن ئاسان نییە، چونکە ئێران نیشانی داوە دەتوانێت هێرش بکاتە سەر ئەو هێلیکۆپتەرانەی کە خێرایییان کەمە و لەم جۆرە ئەرکانەدا بەکاردێن.
خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە لە هەمان ئەو رۆژەدا بووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ستایشی بۆردوومانکردنی پردێکی سەر رێگەیەکی خێرای ئێرانی کرد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆشداری دا کە "کاری زۆرتر لە رێگەیە".
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر پردی B1 بووەتە هۆی کوژرانی هەشت کەس و برینداربوونی 95 کەسی دیکە. بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان دوو جار لەو پردەیان داوە، چونکە وەک رێڕەوێکی سەرەکیی گواستنەوەی کەرەستە بۆ هێزە مووشەکییەکان و درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی ئێران بەکارهاتووە.
ترەمپ شەوی چوارشەممە لە گوتەیەکدا بۆ گەلی ئەمریکا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر رێگەی دروستە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سەربازییەکانی لە نێو ئێران. ترەمپ جەختی کردەوە کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەسەڵات و سوپای ئێرانیان ئیفلیج کردووە و بەڵێنی دا کە بۆ دوو تاوەکو سێ هەفتەی دیکە بۆردوومانە چڕەکان بەردەوام بن.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا دەیانگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی بەردین، ئەو شوێنەی کە لێیەوە هاتوون."
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکاش، دەستبەجێ گوتەکانی سەرۆکی وڵاتەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دووپات کردەوە و نووسی: "گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەردین."