ئێران دابەزینی سەربازانی ئەمریکا لە خوزستان رەتدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری پارێزگاری خوزستان بۆ کاروباری ئەمنی، ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە کە باس لە دابەزینی سەربازانی ئەمریکی لەو پارێزگایە دەکەن.
 
ئەو بەرپرسە ئێرانییە رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی چەند هێلیکۆپتەر و فڕۆکەیەکی جەنگیی سوپای ئەمریکا لە بەرزییەکی کەم بە ئاسمانی هەندێک شوێنی پارێزگای خوزستاندا فڕیون، بەڵام هیچ جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی یان نیشتنەوەی هێز ئەنجام نەدراوە.
 
ئەو بەرپرسە ئێرانییە گوتی، بەهۆی ئامادەیی و هۆشیاریی هێزە چەکدارەکان، هۆزەکان و دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان، ئێستا خوزستان و تەواوی سنوورەکانی لە ئاسایشێکی تەواودان و هیچ مەترسییەک لەئارادا نییە.
 
میدیای نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، فڕۆکەکەک لە لایەن سیستمێکی دژە مووشەکیی پێشکەوتووی سوپای پاسدارانەوە خراوەتە خوارەوە. 
 
گوتەی ئەم بەرپرسەی ئێران لە کاتێکدایە، میدیای ئێران ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی ئەمریکی جۆری ئێف 35 لە لایەن سیستمی دژە بەرگریی ئێرانەوە تەقەی لێکراوە و خراوەتە خوارەوە. 
 
بەڵام شارەزایان دەڵێن، فڕۆکەکە لە جۆری ئێف 15یە. بەرپرسانی ئەمریکای ئاگادار لە بابەتەکە ئەم ئێوارەیە رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی جۆری ئێف 15 ئی خراوەتە خوارەوە و پێنتاگۆن لە هەوڵی دۆزینەوە و رزگارکردنی ستافی فڕۆکەکەدایە. 
 
هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک وێنە لە ئێران بڵاوبوونەوە و کە تێیاندا فڕۆکەیەکی جۆری لۆکهید هێرکیولس سی 130 و هێلیکۆپتەری پەیڤهۆک ئێچ ئێچ 60 دەبیندرێن بە نزمی دەڕۆن و لە ڤیدیۆیەکیشدا دەنگی کەسێک دەبیسترێ کە بە فارسی قسە دەکات و هەربۆیە ئەو گومانەی زیاتر کردووە کە شوێنەکە ئێرانە.  
 
دوو بەرپرسی ئەمریکی لەو بارەیەوە بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لە لایەن ئێرانەوە هەڵمەتێکی گەڕان بە مەبەستی دۆزینەوەی ستافی فڕۆکەکە نێردراوەتە ئاسمانی ئێران. 
 
میدیای ئێران دەڵێ، فڕۆکەکە لە پارێزگای کەهگویلیە و بویر ئەحمەد خراوەتە خوارەوە کە پارێزگایەکی باشووری رۆژئاوای ئێرانە و هاوسنووری خوزستانە.