زەریف: سولەیمانی بەڵگەی هەبوو کە ئەمریکا دەیتوانی بەغدادی لە عێراق بکاتە ئامانج، بەڵام نەیکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بە بەڵگەوە گوتوویەتی، ئەمریکا دەیتوانی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی پێشووی داعش لە عێراق بکاتە ئامانج، بەڵام ئەم کارەی نەکردووە".
 
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی ئێران ئاماژەی بەوە کرد "بەپێی بەڵگەکانی قاسم سولەیمانی، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا هەزار و 200 جار بە ئاسمانی عێراق و بەسەر سەری داعشدا سوڕاونەتەوە، بەڵام نەیانکردوونەتە ئامانج".
 
زەریف باسی لەوە کردووە، قاسم سولەیمانی ئەو بەڵگانەی بە سی دی پێداوە، دەشڵێت، لەو 1200 سوڕانەوەیەی ئەمریکا بەسەر ناوچەکانی ژێردەستی داعش، "تەنیا 100 ئۆپەراسیۆنی ئەنجامداوە، ئەویش ئۆپەراسیۆنی بێئاکام".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەی خستووەتەڕوو "ئێمە ئەمانەمان [بەڵگەکانمان] برد و بە ئەمریکییەکانمان نیشاندا، قسەیەکیان نەبوو بە ئێمەی بڵێن، دەیانگوت ترساین کە زەرەر و زیانی مرۆیی لێبکەوێتەوە، کەچی هەموومان دەزانین لە کردەوە سەربازییەکانی ئەمریکادا، دەستەواژەیەکیان بەناوی زەرەر و زیانە لاوەکییەکان هەیە، زۆرجاران زەرەر و زیانە لاوەکییەکان زیاتر لە زیانە راستەوخۆکانن، واتە لە هێرشەکانیاندا زەرەر و زیانی زیاتر بە مەدەنییەکان دەگەیەنن، تاوەکو لایەنە سەربازییەکان".
 
ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش، 26ی ئۆکتۆبەری 2019 لە پارێزگای ئیدلیبی سووریا و لەمیانی ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئەمریکادا کوژرا.
 
داعش چالاکییەکانی لە ساڵی 2010وە دەستپێکرد و ساڵی 2014 بەشێکی زۆری ناوچەکانی سووریا و عێراقی کۆنترۆڵکرد.
 
فەیلەقی قودس بە فەرماندەیی قاسم سولەیمانی هاوکاریی حکومەتی عێراقی کرد تاوەکو بەرەنگاری داعش ببێتەوە. فەیلەقی قودس لەسەر زەوی و سوپای ئەمریکا لەڕێگەی فڕۆکە شەڕکەرەکانەوە یارمەتیی هێزە سەربازییەکانی عێراقیان دا تاوەکو بەرەنگاری داعش ببنەوە.