بە هەشت مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەیەکی سەربازیی سوپای پاسداران لە مهاباد


رووداو دیجیتاڵ

بنکەی سەربازیی "ئیمام سەجاد"ـی سەر بە سوپای پاسداران لە باکووری شاری مهاباد، بە هەشت مووشەک کرایە ئامانج. شایەتحاڵان دەڵێن بنکەکە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت هیچ ئامارێکی بڵاونەکردووەتەوە.
 
هێرشەکان شەوی دووشەممە و سێشەممە، 2 و 3ـی ئازاری 2026 روویانداوە.
 
بەگوێرەی گوتەی شایەتحاڵانی ناوچەکە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، "شەوی دووشەممە کاژێر 23:30 بە پێنج مووشەک هێرشکرایە سەر ئەو بنکەیە لە گوندی کۆزەکەرێزە و زیانێکی یەکجار زۆری پێگەیشت."
 
لەبارەی پێشهاتەکانی دوای هێرشی یەکەم، شایەتحاڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە "سێشەممە بەیانییەکەی هێزی زۆری تایبەتی پۆلیس (یەگانی ویژە) لە بنکەکەدا جێگیرکرا، بەڵام شەوەکەی کاژێر 21:30 دووبارە بە سێ مووشەک هێرش کرایەوە سەر بنکە سەربازییەکە."
 
سەبارەت بە قەبارەی زیانەکانی ئەو دوو هێرشە، تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی حکومەت هیچ زانیارییەکیان لەبارەی زیان و قوربانییەکانی بنکەی سەربازیی ئیمام سەجاد بڵاونەکردووەتەوە.
 
قەرارگای ئیمام سەجاد سەر بە سوپای پاسدارانە و ئەرکی پاراستنی ناو شاری مهابادە، ناوچەکە و بەشێک لە باشووری پارێزگای ورمێی پێسپێردراوە.
 
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 28ی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی فراوانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و بنکە و پێگە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران لە پارێزگا جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان دەکەن.
 
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین شەپۆلی مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکەی بۆردوومان کردووە.