دەزگای شەهیدان و کاروباری قوربانییان لە ئێران: لە ئەنجامی هێرشەکان 1045 کەس کوژراون

  
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای شەهیدان و کاروباری قوربانییان لە ئێران لە راگەیندراوێکدا رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 1045 کەس. گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش ئاماژە بەوە دەکات، 867 کەس کوژراون.
 
رۆژی چوارشەممە، 04-03-2026، حوسەین کرمانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران گوتی، تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل 867 هاووڵاتی کوژراون کە 30٪ـیان لە شاری میناب لە پارێزگای هورمزگان بوون؛ هەروەها زیانی زۆریش بەر 11 ناوەندی تەندروستی کەوتووە.
 
بەرپرسانی ئێران دەڵێن، لە یەکەم رۆژی هێرشەکەدا هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەیەک لە شاری میناب لە پارێزگای هورمزگان و لە ئەنجامدا 168 قوتابی کوژراون. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد: "24 کارمەندی تەندروستی بریندار بوون و  3 کەسیشیان شەهید بوون".
 
هەر بەگوێرەی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، 11 ناوەندی تەندروستی زیانیان بەرکەوتووە و لە کارکەوتوون.
 
هاوکات دەزگای شەهیدان و کاروباری قوربانییان لە ئێران گوتی، ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان کوژراون، بۆ هەزار و 45 کەس بەرزبووەتەوە.